وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سێیەمین لیستی فەرمانبەرانیان ئاراستەی بانكی TBI كردووە و بەمەش تا ئێستا لیستی ناوی 3378 فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ بانكەكە نێردراوە.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند: دوێنێ پێنجشەممە لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی (هەژماری من) و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ سێهەمین هەفتە لەسەریەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (2557) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاند: لەچوارچێوەی ڕێکەوتنمان لەگەل بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI )، وەزارەتمان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی (هەژماری من) هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.
هەروەها رایگەیاند: لەماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا داتا و زانیاریمان بە سێ لیست بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI ) ناردووە، لیستی یەکەم (368) فەرمانبەر و لیستی دووەم (453) فەرمانبەر و لیستی سێیەم (2557) فەرمانبەر بوون.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستا کۆی گشتی داتا و زانیاری (3378) فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ( TBI).
جەختیشی كردەوە كە وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانن بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کاتدا دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.