Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 21:38

مەسرور بارزانی: ئومێدم هەیە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەگات

کوردستان TV
100%

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی و ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، رایگەیاند كە ئومێدی زۆریان هەیە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییان هەرێمی كوردستان بگات.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا لە شاری بەغدا گوتی: ئەوەی لەسەر ئێمەیە كردوومانە و هەموو هەوڵێكیشمانداوە بۆ ئەوەی بەغدا بابەتی مووچە بەهیچ جۆرێك تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان نەكات.

گوتیشی: هەموو ئەو ئیلتیزاماتانەی لەسەر هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێمان كردووە، ئێستاش لەسەر بەغدا دەمێنێ بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرپرسیارەتی خۆیان جێبەجێ بكەن.

هەروەها گوتی: من ئومێدم هەیە هەواڵی خۆش بە هاووڵاتییان دەگات.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەش دا كە هەواڵی خۆش تەنیا مووچە نییە و بەڵكو ئەمە یەكێكە لە هەواڵە خۆشەكان، بەڵام باشتركردنی پەیوەندییەكان و پابەندبوونی حكوومەتی فیدڕالی بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، باشترین هەواڵی خۆشە و پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەمە بە هەواڵی خۆش وەربگرن.

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی گرینگیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت لە شاری بەغدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان ئەنجام دا.

یەكێك لە تەوەرە گرینگەكانی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت بۆ بەندەری جەیهان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.