Erbil 9°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 17:34

هه‌ناسه‌ هه‌ژار: ڕه‌نگ كلیلی هه‌موو تابلۆییه‌كانه‌

هه‌ناسه‌ هه‌ژار: ئه‌لف و بێ هونه‌ری نیگاركردن به‌شێوه‌ی زانستی له‌ په‌یمانگا فێربووم
کوردستان TV
100%

خاتوونی شێوه‌كار(هه‌ناسه‌ هه‌ژار سه‌ڵاح) ،یه‌كێكه‌ له‌و شێوه‌كارانه‌ی كه‌ خاوه‌ن به‌هره‌ و سه‌لیقه‌یه‌كی جوانی نیگار كردنی هه‌یه‌،ئه‌وكاتێ قوتابی ده‌بێت له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تی ده‌ست ڕه‌نگینی خۆی ده‌سه‌لمێنت، به‌جۆرێك به‌شداری سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی ناو قوتابخانه‌ ده‌كات به‌ تایبه‌تی هونه‌ری نیگار كردن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان بۆئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ هونه‌ری خۆی بدات له‌ ئێستادا قوتابی قۆناغی چواره‌مه‌ و به‌شداری چه‌ند پیشانگایه‌كی هاوبه‌شی كردوه‌. له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پیشانگای په‌یمانگای هونه‌رجوانه‌كانی (لاوك)  له‌ هۆڵی میدیا ی شاری هه‌ولێر له‌ 27/5/2024 خاتوو هه‌ناسه‌ش به‌چه‌ند تابلۆیه‌ك به‌شداری هه‌مان پیشانگای كردبوو به‌چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس 
*سه‌ره‌تا بزانین (هه‌ناسه‌ هه‌ژار)  چۆن ئاشنای هونه‌ری شێوه‌كاری بوو؟
- به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌مان كه‌شێكی هونه‌ری له‌نێوخێزانه‌كه‌مان هه‌بوو،به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكم ده‌رچووی به‌شی شێوه‌كاری په‌یمانگای هونه‌رجوانه‌كانی هه‌ولێر دایكشم ده‌رچووی به‌شی شانۆی هه‌مان په‌یمانگابوو،ئه‌مه‌ كه‌شه‌ هونه‌رییه‌ فاكته‌رێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ به‌هره‌ی من هه‌مه‌ زیاتر گرنگی پێبده‌م رووبكمه‌ هونه‌ری وێنه‌كێشان. 

*كێن ئه‌وانه‌ی هاوكار وپاڵپشتیان كردویت؟
-جگه‌له‌مامۆستایه‌كانم دایك و باوكم رۆڵێكی زۆرباشیان هه‌بوو بۆ پاڵشتی و هاوكاری كردن،بۆیه‌ هه‌میشه‌ منتباریانم. 

 *بیرۆكه‌ی تابلۆكانت له‌چییه‌وه‌ سه‌رده‌گرێت؟
- سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌ی تابلۆكانم زۆرن به‌ڵام به‌شی زۆریان له‌ سروشت و خه‌یاڵ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. 

* به‌كامه‌ كاری هونه‌ری  هونه‌رمه‌ندانی كورد و جیهانی سه‌رسامیت؟
- به‌ تابلۆی زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان سه‌رسامم ،به‌جۆرێك  كاریگه‌ریان له‌سه‌ر من هه‌بووه‌ له‌ كورده‌كان (محمه‌د عارف،دارا محمه‌د عه‌لی ،ره‌وه‌ند جه‌عفه‌ر..) له‌ جیهانیش (ڤانكۆخ،سیزان..). 

*تاچه‌ند په‌یمانگای هونه‌رجوانه‌كان هاوكارت بووه‌ له‌ پێشڤه‌چوونی  توانستی هونه‌ریت؟
-راسته‌ من به‌هره‌ی هونه‌ریم هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌لف و بێ هونه‌ری نیگاركردن به‌شێوه‌ی زانستی له‌ په‌یمانگا فێربووم،هۆكارێك بووه‌ بۆ پێشڤه‌چوونی توانسته‌ هونه‌رییه‌كانم، بۆیه‌ هه‌میشه‌ سوپاس گوزاری مامۆستایه‌كانم.

*ڕه‌نگ فاكته‌رێكی گرنگی هه‌رتابلۆیه‌كه‌، تۆ زیاتر له‌سه‌ر چ ڕه‌نگێك كارده‌كه‌یت؟
-ڕه‌نگ كلیلی هه‌موو تابلۆییه‌كانه‌، من كار له‌سه‌ر زۆربه‌ی ره‌نگه‌كان ده‌كه‌م به‌ڵام زیاتر حه‌ز به‌ ڕه‌نگی (مۆر  وپرته‌قاڵی) ده‌كه‌م.

*هونه‌ری شێوه‌كاری یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رانه‌ی كه‌،پێویست به‌ وه‌ڕگێران نه‌كات تۆ چی ده‌ڵێت؟

-زۆر جار پیشانگای چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ده‌كرێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ پیشانگایه‌كه‌دائاماده‌ بن ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌گه‌یه‌نێت ، كه‌ تابلۆ خۆی قسه‌ده‌كات پێوستی به‌ وه‌ڕگێر نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ تابلۆی هونه‌ری بینه‌ر خۆی ده‌توانێت خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكات.

 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.