بهفەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بە گوژمەى (5 ملیار دینار) دەستدەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى هەردوو ڕێگاى ستراتیژیى "گوندی مامە جەلکە و شەقڵاوە - هیران".
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.5.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى قائیمقامانى (پیرمام، شەقڵاوە، هەریر)، سەردانی بارەگای لقی24ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن ڕزگار ئەنوەر، بەرپرسی لق و کارگێڕ و ئەندامانی لق و بەرپرسانى ناوچەکان پێشوازی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، جەختیان لە سەر پێویستی و هەماهەنگی نێوان دام و دەزگاکانی حکومەت و حزب کردەوە.
پاشان، گفتوگۆ لە بارەى پەرەپێدان و باشترکردنی ڕێگاکان و هاتووچۆى هاوڵاتییان و ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەى شەقامە سەرەکییەکان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە کرا، لەو بارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر وەک مژدەیەک بۆ خەڵکى ناوچەکە، ڕایگەیاند: "لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە پێناو باشتركردنی دۆخی ڕێگاوبانەکان و ئاسانكاری بۆ شۆفێران و نەهێشتنی جەنجاڵی شەقامە گشتییەکان و پاراستنى گیانى هاوڵاتییان، لەو ڕۆژانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پاراستن و چاککردنەوەى ڕێگاو بانى هەولێر بە گوژمەى (5 ملیار دینار) دەستدەکرێت بە پڕۆژەى چاککردنەوە و قیرتاوکردنی هەردوو ڕێگاى سەرەکى "گوندی مامە جەلکە و شەقڵاوە - هیران"، کە ڕێگایەکى ستراتیژى و گرنگى ناوچەکەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.