جێگری سەرۆکی لێژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی سەنەدی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری لە دەستپێكردنەوەی چالاكیی شانە نووستووەكانی داعش و تیرۆر لە عێراق دەدات و پێیوایە، هێرشەكانی ئەم دواییانەی گرووپە تیرۆریستییەكان ئاماژەی مەترسیدارن. مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لێژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی سەنەدی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداریی دا لە ئەگەری گەڕانەوەی داعش و دەستپێكردنەوەی چالاكیی شانە تیرۆریستییەكان.
ساعدی به میدیا عێراقییهكانی ڕاگهیاند، ئهو هێرشە تیرۆریستییانەی کە لەم دواییانەدا لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و سەڵاحەدین روویان داوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان، ئاماژەی مەترسیدارن و دهریدهخهن كە تیرۆریستان كەڵكیان لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ئەو ناوچانە وەرگرتووه.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە شانه نووستووەكان سەرچاوەی هەڕەشەن و دەبێت بۆشاییە ئەمنییەكان پڕ بكرێنەوە، بهپێچهوانهوه لە هەر كاتێكدا ئەگەری ئەوە هەیە دۆخی عێراق بچێتە حاڵەتی ناسهقامگیرییهوه. سەرچاوەیەکی ئەمنییش لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە، شەممەی ڕابردوو، لە دوو تەقینەوەدا لە باشووری ڕۆژئاوای بەعقووبە، هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان كراونەتە ئامانج.
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە پارێزگای سەڵاحەدین، چوار سەربازی سوپای عێراق بریندار بوون.
بەگوێرەی راپۆڕتێكی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان، كە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش كراوە، تیایدا هاتبوو داعش پێنج بۆ حهوت هەزار چهكداری لە سووریا و عێراق ههیه. هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەریکەتوون، تیرۆریستانی داعش هێشتا چالاکە و ئەگەری پەیدابوونەوەی لە عێراق و سووریا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.