شاندی حەجی عێراق ئاشكرای كرد كە تا ئێستا زیاتر لە 18 هەزار كەس لە عێراقەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بە هەردوو رێگەی ئاسمانی و زەمینی گەیشتوونەتە وڵاتی سعوودییە.
شاندەكە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: ژمارەی ئەو هاووڵاتییە عیراقییانەی كە تا ئێستا گەیشتوونەتە وڵاتی سعوودییە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەیشتووەتە 18 هەزار و 288 كەس لە رێگەی فڕۆكەخانە و دەروازەی عەرعەڕی سنووری.
بڵاویشی كردەوە: ئێستا 11 هەزار و 323 زیارەتكار لە شاری مەدینەن، هەروەها 5 هەزار و 395 زیارەتكاری دیكەش لە شاری مەككەن.
جەختیشی كردەوە كە سەرجەم زیارەتكارانی ماڵی خودا بە سەلامەتی و بێ كێشە و رووداوێك گەیشتوونەتە وڵاتی سعوودییە.
یەكەم كاروانی حاجییانی عێراقی رۆژی پێنجشەمی رابردوو گەیشتنە وڵاتی سعوودییە، ئەمڕۆ دووشەممەش یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بەڕێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بەرەو ماڵی خودا بەڕێ كەوتن.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان پێشتر رایگەیاندبوو كە بۆ ئەمساڵ 4 هەزار و 685 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان سەردانی وڵاتی سعوودییە دەكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج و سەردانەكەش بە ڕێگەی وشكانی و ئاسمانی دەبێت لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.