پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 20 / 5 / 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له دیوانی پارێزگادا پێشوازی له هه‌ریه‌ك له تارق عه‌بدوڵڵا ئه‌لفه‌ره‌ج باڵیۆزی كوه‌یت له عێراق و عوسمان داوود كونسوڵی گشتی كوه‌یت له هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و بره‌ودان به هه‌ماهه‌نگییه‌كان له گشت سێكته‌ره جیاوازه‌كان كرده‌وه و سه‌ره‌تا پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به مێژووی په‌یوه‌ندییه سیاسیی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێوان كوه‌یت و هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر كۆی ئاسته‌كانیی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت په‌یوه‌ندیی دێرین و له‌مێژینه‌ن، هه‌ردوو گه‌لی كوه‌یت و كورد له‌لایه‌ن رژێمی له‌ناوچووی به‌عس دووچاری سته‌م و كۆمه‌ڵكوژیی و له‌ناوچوون بوونه‌ته‌وه، خه‌بات و به‌رخوودانی هه‌ردوو گه‌ل به ئاراسته‌ی كۆتاییهێنان به‌و سته‌مه بوو، له كۆتادا هه‌ردوو گه‌ل به سه‌ربه‌رزی مانه‌وه و سته‌مكاران كۆتاییان هات.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه وه تاكو ئێستا هاووڵاتیانی كوه‌یت بۆ گه‌شتكردن روویان له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت هه‌ولێر كردووه، هه‌میشه به رێزه‌وه پێشوازیكراون.
داواشیكرد، له‌مڕۆوه دووباره هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه كاركردنیی نێوان كوه‌یت و هه‌ولێر بره‌وی زیاتری پێ بدرێت.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه پێویسته په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كان و ژووره بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت په‌ره‌ی پێبدرێت و كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنی هاوبه‌ش له نێوان پیاوانی كار و ژووره بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا واژۆ بكرێت.
هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر داوایكرد، گه‌شتی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت ده‌ستپێبكات، له‌مباره‌یه‌وه باڵیۆزی كوه‌یت رایگه‌یاند، به‌منزیكانه گه‌شتی راسته‌وخۆی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت ده‌ستپێده‌كات.
له دیداره‌كه‌دا پارێزگاری هه‌ولێر رۆڵی وڵاتی كوه‌یت و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به‌رز نرخاند، له گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان و دروستكردنی قوتابخانه و دام و ده‌زگای دیكه‌ی مرۆیی.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه تارق عه‌بدوڵڵا ئه‌لفه‌ره‌ج باڵیۆزی كوه‌یت له عێراق ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستان كرد و به تایبه‌تی و مێژوویی وه‌سفیكرد و رایگه‌یاند، مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت دوور و درێژه و گوتیشی: " په‌یوه‌ندییه‌كان تایبه‌ت و مێژوویین".
به ئاماژه‌دان به سته‌م و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی رژێمی له‌ناوچووی به‌عس، كه هه‌ردوو گه‌لی وه‌ك یه‌كتری كۆمه‌ڵكوژ كردووه و رایگه‌یاند، مێژوومان هاوبه‌شه و رژێمی له‌ناوچووی به‌عس چی به‌سه‌ر كورددا هێنا، هاوشێوه به‌سه‌ر گه‌لی كوه‌یتیشی دا هێنا. گوتیشی: "هه‌ردوو گه‌لی كوه‌یت و كورد تاكو ئێستا به دوای قوربانییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌ڕێن".
باڵیۆزی كوه‌یت له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی پرسی وه‌به‌رهێنان و هه‌ماهه‌نگییه‌كان له‌مڕووه‌وه رایگه‌یاند، پێویسته پێكه‌وه كاربكه‌ین بۆ هاندان و بره‌ودان به وه‌به‌رهێنان، هه‌وڵه‌كان چڕبكرێته‌وه بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له نێوان پیاوانی كار و ژووره بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و كوه‌یت.
دواجار باڵیۆزی كوه‌یت سوپای ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه‌ی پارێزگاری هه‌ولێری كرد و رایگه‌یاند، گه‌لی كورد میواندۆستن و گرنگی به په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌ده‌ن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.