ڕۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و هەروەها پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پێزانینی هەبوو لەو پێشوازی وئامادەكارییەی بۆ سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەی بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد.
ئاماژەشی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشیە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن لەقەڵەم دا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق ڕایگەیاند كە گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە كوردستان بە بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی جوانە و ناكرێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا ببینن.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.