حزبەكەی محەمەد حەلبووسی ئەمڕۆ دووشەم بە فەرمی تاكە بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دیاری كرد.
حزبی تەقەدوم لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە و گفتوگۆ، رێككەوتین لەسەر دیاریكردنی تاكە بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە مافی سوننەكانە و لەنێویشیاندا هاوپەیمانی تەقەدوم بە تایبەتی كە گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەیە لە پەرلەمان.
راشیگەیاند: مەحموود مەشهەدانی تاكە بەربژێرمان دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.
لای خۆشییەوە پەرلەمانی عێراق رۆژی 18ی ئەم مانگەی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
مەحموود مەشهەدانی لەدایكبووی ساڵی 1948ی شاری بەغدایە و یەكێكە لە سەكردە دیارەكانی سوننە و دەرچووی كۆلیژی پزیشكییە، لە ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە و یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بووە دوای رووخانی رژێمی بەعس لەنێوان ساڵانی 2006 تا 2009.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.