پارێزگای هەولێر بڕیاری دا هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە تۆنێلی پیرمام بكرێتەوە، بەڵام كردنەوەی رێگاكە رۆژانی هەینی و هەروەها بۆنە و پشووەكان ناگرێتەوە.
پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: ئاگادارى شوفێران و هاووڵاتییان دەکەینەوە، لەپێناو بەرژەوەندیى گشتی و کەمکردنەوەی ئاستەنگى هاتوچۆ و جموجۆڵ و جوولەی بازرگانی، بڕیاردرا بە کردنەوەی "تونێڵی پیرمام" بە ڕووی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان بە پابەندبوونیان بە کێشی ڕێگا پێدراو و بارنەکردنى کێشی زیادە.
سەبارەت بە هۆكاری كردنەوەی تۆنێلەكە بەڕووی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان، پارێزگای هەولێر رایگەیاند: لە ئێستادا زۆربەی ڕێگا سەرەکییەکان بە ڕووی هاتوچۆکردنی بارهەڵگرەكان داخراوە و بەشێک لە ڕێگا جێگرەوەکانیش گونجاونین.
هەروەها رایگەیاند كە بڕیاری كردنەوەی رێگاكە تا ئەو کاتەیە کە ڕێگای گونجاو بۆ بارهەڵگرەكان دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا كە: بارهەڵگرەكان لە ڕۆژانی هەینی بۆ ماوەی (24) کاتژمێر ناتوانن بە تونێڵی پیرمام هاتوچۆ بکەن و هەروەها لە بۆنە و پشووەکانیش ڕێگە پێدراونین.
هاتوچۆی هەولێر داواشی لە شوفێران كرد لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەلامەتی هاتوچۆ و ڕێگا و بانەکان پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە مانگی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ سەلامەتی شوفێران و كەمكردنەوەی رووداوەكان، بڕیاری دابوو هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە تۆنێلی پیرمام قەدەغە بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.