ئەمڕۆ دووشەممە 5/6 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری داوە و ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە و داوامان لە حکومەتی فیدراڵ ئەوەیە کە ڕێز لە قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە هەرچی پێمان بکرێت بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەیکەین و کەمتەرخەمی ناکەین .
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی ئەنجومەنی نوێنەران، کورتەیەکیان دەربارەی کارو پڕۆژە و ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانجیان بەهێزکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە پێناو هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک بۆ خزمەتکردن و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.