مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئهمڕۆ شەممە پێشوازی له شاندێكى ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا كرد كه له سێناتۆر تێد بەد و سێناتۆر جۆنى ئێرنتس پێكهاتبوون.
له كۆبوونهوهکەدا کە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی لە هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆكی حكوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد بە تایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا. جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدڕال لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کردەوە .
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوون بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە بە بەشداری هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.