ئەمڕۆ دووشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کریستیان ریتچەر ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
سەرۆکی تیمی یونیتاد سوپاس و پێزانینی خۆی و تیمەکەی بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی یونیتاد دەربڕی لە سەرخستنی کارەکانی تیمەکە لە بواری کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و بەدیجیتەڵکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و کارکردن بۆ دادگاییکردنیان لەسەر تاوانەکانیان.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی دەستی داعش و قەرەبووکردنەوەیان و بەردەوامبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە تاوانبارانی داعش لەسەر تاوانەکانیان کە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتین دادگایی بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.