ئەمڕۆ سێشەممە 2024.2.6، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مەسعود كاڕەش، جێگرانی پارێزگار، كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە پەناگەی داڵدەدانی سەگی بێلانە ئەنجامدرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە هەریەك لە قائیمقامی ناوەند، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی ڤێتەرنەری، خزمەتگوزاریی ژینگە پارێزی، قەیرانەكانی پارێزگا، نوێنەری تەندروستی و لایەنی دیكەی پەیوەندار ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لە نزیكەوە لە كاروبارەكانی شێڵتەری ناوبراوی كۆڵییەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێرەوەی چارەسەری پزیشكی ڤێتێرنێری و ڕێكارە زانستیەكانی شێڵتەرەكە كرد، هەروەها دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و پزیشك و كارمەند و ستافی شێڵتەرەكە كرد بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ لە بارەی كێشە و كەم و كوڕی و پێداویستیەكانی شێڵتەرەكە و پڕۆسەی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە كرا، كە بەشێوازێكی زۆر دروست و رێكوپێك سەگی بێلانە دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەرەكە و بەوهۆیەشەوە توانراوە ژمارەیەكی زۆری سەگی بێلانە لە ناوشار دوربخرێنەوە، ئەمەش وای كردووە حاڵەتەكانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەوە زۆر كەمببێتەوە و تەئكید لە بەردەوامبوونی پڕۆسەكە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان كرایەوە.
جێگەی باسە، ماوەی چەند ساڵێكە لە كوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی بوونی سەگی بێلانە لە كۆچە و كۆڵانەكانی شار مەترسی زۆریان بۆ سەرگیانی هاووڵاتیان دروستكردبوو و تا دەهات ژمارەی ئەو سەگەنەش لە زیادبووندابوون، ڕۆژانەش لێرە و لەوێ پەلاماری منداڵ و گەورە و پیر و بەساڵاچووانیان دەدا، هەبوونی ئەو هەموو سەگە لەناو شار جگە لەوەی ببوونە هۆی زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان، لەهەمانكاتدا دیمەنی پایتەختیان شێواندبوو و هاووڵاتیانیش هەراسان ببوون و كار گەیشتبووە ئەوەی هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوەی نەدەكرد منداڵەكانیان بنێرن بۆ دەرەوەی ماڵ، هەربۆیە پارێزگای هەولێر بەگوژمەی (450 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەی پارێزگا و لە سەر ڕووبەری (20) دۆنم زەوی و بە دووری (15) كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری هەولێر، شێڵتەرێكی سەردەمیانەی بۆ كۆكردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاكسینكردنیان دروستكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.