Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:36

ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ (31ـی كانوونی دووەمی 2024) یادی 37 ساڵەی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانییە كە رۆلێكی گەورەی هەبووە لە قۆناغەكانی خەباتی رزگاری گەلی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی داگیركەران .
ئیدریس بارزانی لە مانگی ئاداری 1944 لە ناوچەی بارزان لەدایكبووە. كاتێك تەمەنی گەیشتە دوو ساڵ، مستەفا بارزانی باوكی، روویكردە رۆژهەڵاتی كوردستان و بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە جوڵانەوەی كورد و كۆماری كوردستان لە مهاباد دەستی بە خەبات كرد.
دوای پیلانگێڕی دژی كۆماری كوردستان و گەڕانەوەی سوپای شای ئێران بۆ كۆماری كوردستان، مستەفا بارزانی و دەیان پێشمەرگەی كوردستان روویانكردە یەكێتی سۆڤیەتی جاران و خێزان و ژن و منداڵەكانیش بە یاوەری شێخ ئەحمەد بارزانی، برای گەورەی مستەفا بارزانی لەپێناو پاراستنی گیانی منداڵ و ژنانی كورد، گەڕانەوە بۆ عێراق و ئیدریس بارزانیش كە ئەو كات تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەكەی گەڕایەوە بۆ عێراق و لەلایەن دەسەڵاتی پادشایی عێراقەوە بۆ شارەكانی باشووری وڵات راگوێزران.
لە تەمەنی 6 ساڵیدا، ئیدریس بارزانی لە شاری كەربەلا چووە بەر خوێندن و تا رووخانی دەسەڵاتی پادشایی لە عێراق و هاتنەسەركاری دەسەڵاتی كۆماری بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم لە 1958، ئیدریس بارزانی لە دیداری باوكی بێبەش بوو، بەڵام لەو ساڵەدا مستەفا بارزانی و یاوەرانی لە سۆڤیەت گەڕانەوە و دوای دابڕانێكی زۆر، ماڵباتەكەیان بەیەك شادبوونەوە.
دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول لە 1961ـدا، ئیدریس بارزانی لە دەستە یەكەمەكانی ئەو پێشمەرگانە بوو، كە پەیوەندیان بە ریزی شۆڕشەوە كرد و چەكی تێكۆشانی هەڵگرت و شانبەشانی پێشمەرگە بەشداریی لە داستان و سەركەوتنەكانی شۆڕشدا كرد.
دوای نۆ ساڵ پێشمەرگایەتی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا، لە مانگی حوزەیرانی 1970 لە كۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە ناوچەی ناوپردانی ناحیەی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەكایەتی ئەنجامدرا، بۆ یەكەمجار ئیدریس بارزانی كرایە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەی ئاشتی و دانووستان لە نێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ئیدریس بارزانی بە یاوەری سەرۆك مەسعود بارزانیی برای، لە دەستەی شاندی دانووستانی شۆڕش بوون، كە هەریەك لە شەهیدان ساڵح یوسفی، دارا تۆفیق، سامی عەبدولڕەحمان، نافز جەلال و مەحمود عوسمان بوون، لە بەغدا كەوتنە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماف و داخوازی شۆڕش.
سەرەنجام بە سەرپەرشتی مستەفا بارزانی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی عێراق بەدەستهات و رێككەوتنەكە چوار ساڵی پڕ لە خۆشی و بووژاندنەوەی لە عێراق هێنایە دی، تا سەرەنجام دەسەڵاتدارانی بەعس لە بەغدا كەوتنەوە دژایەتی كورد و سەركردایەتییەكەی، بۆ ئەو مەبەستەش رێككەوتنی جەزائیریان لەگەڵ شای ئێران، محەممەد رەزا شای پەهلەوی واژوو كرد و شۆڕشی كوردییان تووشی نسكۆ كرد و ئیدریس بارزانی بە یاوەری كەسوكار و ماڵبات و بەشێك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاوارەی ئێران بوون.
لە سەروبەندی نسكۆی شۆڕشدا ئیدریس بارزانی بە یاوەری سەرۆك مەسعود بارزانی، هەر زوو هەوڵەكانی خستەوەگەڕ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەستی بە چالاكی كردەوە. لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە، لە كۆتایی 1986ـدا، بناغەی بەرەی كوردستانی دانرا و لە مانگی حوزەیرانی 1988ـدا وەك هێزێكی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بەرەی كوردستانی راگەیەندرا.

ئیدریس بارزانی لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناودەبرێت، هاوكات لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا و لە ناو بەرهەڵستكارانی عێراقدا، بە كەسایەتییەكی دیار و كاریگەر هەژمار دەكرا، لە كۆنگرەی بەرهەڵستكارانی عێراقیش، كە لە تاران سازكرا، بانگەوازیی بۆ یەكخستنی توانای بەرهەڵستكاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعس خستەڕوو.
ئیدریس بارزانی لە رۆژی 31ـی كانوونی دووەمی 1987، بە هۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە كۆچی دواییكرد، لە شارۆچكەی سلیڤانای سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بەخاكسپێردرا. دوای راپەڕینی ئازاری 1991 و رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان، لە 6ـی تشرینی یەكەمی 1993 تەرمی هەریەك لە مستەفا بارزانی، رابەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئیدریس بارزانی، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بە مەراسیمی جەماوەری بەرفراوان هێندرانەوە هەرێمی كوردستان و لە شوێنی لەدایكبوونیان و لە ناوچەی بارزان بە خاك سپێردران‌.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.