Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 23:59

مه‌سرور بارزانی په‌یامێك له‌باره‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌م دواییه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێك له‌باره‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سوپاسی هه‌ڵوێستی وڵاتانی دۆستی كرد، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ لێدوان و شه‌رمه‌زاركردن كۆتای به‌م هێرشانه‌ نایێت.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیانوایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت". 

راشیگه‌یاند "خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە".

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات".

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "گرینگە هەنگاوی کرداری لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت".

داواشی لە وڵاتانی دۆست كرد كه‌ "ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها داوای لە خەڵکی کوردستان كرد كه‌ "بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان".

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتی "داواکارم خوای گەورە هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.