خانمە هونەرمەند هێرۆ جەواد محەمەد ناسراو بە(هێرۆ جواد ) یەكێكە لە ئەكتەرە دیارەكانی كوردستان لە ساڵی 1983 لەشاری سلێمانی لەدایكبووە ،دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانییە تائێستا بەشداری چەندین شانۆگەریی و كورتە فلیم و درامای تەلەفزیۆنی كردووە هەروەها كاری دەرهێنان بۆ چەندین شانۆگەری كردوە وەكو( دارستانی بەختیاری ،بۆیاخچیەكان یادگاریان نییە، جەنگی ژنێك..) وەكو ئەكتەر بەشداری چەندین شانۆگەریی كردووە لەوانە( ژووری ژمارە شەش، وەرن ئێمەش ببینن، توندو تیژی ، یاداشتەكانی عەرعەر ،عەترەكانی عەربستان ،ژنانی شارەكەم ،نماز ، زنە ، زەماوەند ، چوار ، جەستەی ژن ، ئێوارەی گوڵە مێخەك ، سێ خوشك ، بیرەوەری ونبوویەك ،شالیر و جادووگەرانی ماكبێس...) هەروەها بەشداری چەندین كورتە فیلم و درامای كردووە لەوانە (خومار لەدوا سەردانەوەیدا ،گەرمیان كوێستان ، خوناو ، ئەڵقە ، تاریكی ، گەڕان ، ساتەكانی ژیان ، سۆما ، شەوێك..) لە ئێستادا هونەرمەند( هێرۆ جەواد )، مامۆستای پەروەدەی هونەرییە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری سلێمانی بەمەبەستی ئاشنا بوون بە كارە هونەریەكانی وەكو ماڵپەڕی كوردستان تیڤی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
*سەرەتا ئەگەر بكرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ بكەیت؟
- سەرەتای ئاشنابوونم بەهونەری شانۆ كاتێ چوومەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی لەبەشی شانۆ وەرگیرام،پەیمانگا بوو وێستگەی دەست پێكردنم بە كاری نواندن ،هەر لەوێ خۆشەویستی شانۆ لە دەستی پێكرد بەشداری چەندین كاری شانۆییم كرد.
*تۆ شانۆت هەڵبژارد یان شانۆ تۆی هەڵبژرارد؟
- كاتێ بە ویستی خۆم چوومە پەیمانگا، واتە خۆم شانۆم هەڵبژارد ،بێگومان حەزو ئارەزوویەكی زۆرم هەبوو بۆ هونەری نواندن هەوڵێكی زۆریشم دا بۆ ئەوەی بەردەوامی بەم حەزوو ئارەزووە بدەم.
*رۆڵی شانۆ لەژیانی گەلان چۆن دەبینیت؟
- دەستەواژێكی شانۆ هەیە دەڵێت (شانۆ قوتابخانەی گەلە)،هونەری شانۆ لەرێگەی جەستەی ئەكتەر بەشێوەیەكی زیندوو پێشكەش بە بینەران دەكرێت،خاڵێكی تری شانۆ ئەوەیە كە زۆربەی هونەرەكانی تر وەكو موزیك ،شێوەكاری لە نێو شانۆدا بوونیان هەیە لە هەمان كات دا ئەدەبیش لەرێگەی دەقی شانۆیی رەگەزێكی گرنگی شانۆیە هەربۆیە بەباوكی هونەر ناوزەند كراوە، لەبەر ئەم فاكتەرانە پێگەی هونەری شانۆ رۆڵێكی گرنگی هەیە لە گۆرانكاری كردن و هۆشیاركردنەوەی گەلان.
*خاتوو هێرۆ جەواد كاریگەری كامە شانۆكاری لەسەرە ،یاخود بە نواندنی كامە شانۆكار سەرسامە؟
- ئەوەی راستی بێت حەز ئەكەم تەنها خۆم كاریگەریم لەسەرخۆم هەبێت ،ڕێزی زۆرم بۆ هەموو شانۆكارەكانی تریش هەیە بەڵام حەز ئەكەم تەنیا لەخۆم بچم ، بێگومان هونەرمەندی زۆر باش و بەئەزموونیشمان هەیە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازمم لێرەوەش رێزو سڵاو هەیە بۆیان،بەڵام ئەوە حەزوو ئارەزووی خۆمە.
*چۆن دەڕوانیتە رەخنەگرانی شانۆ لە كوردستان؟
-لە كوردستان ڕەخنە گری شانۆیی زۆر باش و بە توانامان هەیە زۆر بە باشی قەڵەمەكانیان دەخەنە سەر نمایشەكان، من زۆر بە ووردی ڕەخنە كانیان دەخوێنمەوە وە دەست خۆشی زۆرم هەیە بۆیان چونكە دوورن لە مجاملە ی شانۆكاران هیوای بەردەوامیان بۆدەخوازم هیچ كارێكی هونەریش كامڵ نییە ، بۆیە هیچ كارێكیش بێ ڕەخنە نابیت بە ڵام ڕەخنەی ڕوو خێنەر نا،بەڵكو رەخنەی بنیاتنەر بێت لەپێناو خزمەتی كارەكەدا بێت.
*تاچەند ( دەق ) گرنگە لە پڕۆسەی نمایش دا؟
- دەق رەگەزێكی گرنگ و گەورەو گرانی سەركە وتنی هەموو كارێكی شانۆیە ،رۆڵێكی سەرەكی دەبینیت لە پرۆسەی نماش دا ،چونكە دەق نیوەی دەرهێنانە بۆیە هەڵبژاردنی دەق بۆ هەر دەرهێنەرێكی شانۆیی گرنگە بەجۆرێك دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەركەوتنی نمایشەكە.
*ئێوە خاوەن چەندین خەڵاتی شانۆین،دوا خەڵات وەكو باشترین ئەكتەر دووەمی كچ لە فیستیڤاڵی شەشەمی نێودەوڵەتی شانۆی عێراق وەرگرت هەستت چۆن بوو؟
- بێگومان خە ڵات بۆ هەرهونەرمە ندێك گرنگە،پاڵ پشت و هاندانێكی گەورەیە بۆ هونەرمەند بە دڵنیاییەوە، شانازی بەهەموو خەڵاتەكان دەكەم وهەستێكی زۆر خۆشە لە هەمان كاتەدا خەڵات وا لە هونەرمەند دەكات زیاتر هەوڵ بدات بۆ ئەوەی ئەو توانستییەی هەیەتی پێشكەش بكات. بەڵام نابێ بەدەست هێنانی خەڵات ببێتە هۆی ئەوەی كە هونەرمەند تووشی لوت بەرزیت بكات ،بەڵكو دەبێت هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی بەرەوە سەركەوتنی گەورەتر هەنگاو بنێت.
*لە ئێستادا شانۆی كوردی لە چ ئاستێك دایە، پێتان وایە شانۆی كوردی لە قەیران دایە؟
- بە پێچەوانەوە ئەوەی من دەیبنم و بەردەوامیشم شانۆ لە شارەكەی مندا زۆر زیندووە و لە قەیران دا نییە ،بەداخەوە قەیرانی ئابووری و سپۆنسەری كەمی كارە شانۆییەكانە ئەگەر نا ئێمەی شانۆكاران لە ئامادەباشی داین بۆ هەركارێكی شانۆییدا بەشداربین، شانۆكارانی كورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەروەوەی عێراقیش ئامادەبوونیان هەیە بەشداری فیستیڤاڵە شانۆیییەكان دەكەن و خەڵاتیش بەدەست دەهێنێن لە شارەكەی من هیچ مانگێك بە بێ نمایشی شانۆ تێپەر ناكات بۆیە من ئاستی شانۆی كوردی لە ئێستادا زۆر بەباشی دەبینیم.
*لەرێگەی ئەم دیدارە چ پەیامێكی كەسی یاخود هونەریت هەیە بۆشانۆكاران و بینەرانی شانۆ ؟
-پەیامی من پەیامی خۆ شەویستی و یەكڕیزییە ، بەجۆریك هونەرمەند دووربیت لە قاچ شكاندنی یەكتری و ناوزڕاندن چونكە هونەرمەند زۆر گەورەیە،پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لەو دیاردە ناشرینە هیوای ئەوە دەخوازم هونەرمەندان هەمیشە لە لوتكە دابن كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بە بینەران بكەین.
* هیچ پڕۆژەیەكی نوێی هونەریتان هەیە؟
- بەڵێ كاری نوێم هەیە، بەشداری درامایەكم كردووە ڕۆڵی سەرەكی لە درامایەكە دەبینم ،بەڵام نازانم لە كام كەناڵ پەخش دەكرێت درامایەكە بە ناوی (كرێچیەكان)-ە لە نووسینی (شوعلە شەریعەتی )یە نووسەر و هونەرمەند "پێشڕەو حسێن " كاری وەرگێڕانی كردووە هونەرمەند (كاوە ئەحمەد میرزا) پێداچوونەوەی بۆ دەقەكە كردووە، هونەرمەند(ئەنوەر قەرەداغی ) كاری موزیكی دراماكە ئامادەو جێبەجێ دەكات ،كاری دەرهێنانی لەلایەن هونەرمەند (دكتۆر غەسان عەبدوڵا) بۆكراوە . هەروەها لە ئامادەكاری داین بۆ كارێكی شانۆ لەگەڵ كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان مامۆستای بە ڕێز مامۆستا "شەفیق "كاری دەرهێنانی بۆ دەكات بەمەرجێك ئەگەر داهاتی كارە شانۆ كەمان بۆ دابین بكەن.
* ئێمە لە كۆتایی ئەم هەڤپیڤینەدا زۆر سوپاست دەكەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
- منیش زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەتان.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
هێرۆ جەواد: حەز دەكەم تەنیا لەخۆم بچم
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.