Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:25

هۆڵه‌ندا له‌سه‌ر هاژه‌كبارانه‌كه‌ی هه‌ولێر بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران ده‌كات

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی له‌ وڵاته‌كه‌ی كردووه‌ له‌سه‌ر هاژه‌كبارانه‌كه‌ی هه‌ولێر كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی بازرگان پێشڕه‌و دزه‌یی و ژینای كچه‌ بچووكی له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی تر.

هانیكی برۆینز سلووت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كردۆته‌وه‌: بانگهێشتی هادی فه‌رجوند باڵیۆزی ئێرانمان له‌ هۆڵه‌ندا كردووه‌ به‌هۆی هاژه‌كبارانه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر شاری هه‌ولێر.

بڵاویشی كردۆته‌وه‌: داوامان له‌ هادی فه‌رجوند كردووه‌ روونكردنه‌وه‌مان له‌سه‌ر هاژه‌كبارانه‌كه‌ و هه‌روه‌ها شه‌هیدكردنی ژینا دزه‌یی ته‌مه‌ن كه‌متر له‌ ساڵێك پێ بدات كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی بووه‌.

دره‌نگانی شه‌وی دووشه‌می رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران به‌ 11 هاژه‌كی بالیستی بۆردومانی شاری هه‌ولێری كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هاژه‌كێك به‌ر ماڵی بازرگانێكی شاره‌كه‌ به‌ناوی پێشڕه‌و دزه‌یی كه‌وت.

له‌ ئه‌نجامی بۆردومانه‌كه‌دا چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا كه‌ له‌نێویاندا پێشڕه‌و دزه‌یی و ژینای ته‌مه‌ن كه‌متر له‌ ساڵێك هه‌بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ برینداربوونی 6 ئه‌ندامی تری خێزانه‌كه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.