مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی(25)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی، برووسكەیەكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە كەئمەش دەقەكەیەتی..
بەڕێزان/سەرپەرشتیاری گشتی و هەڤاڵانی بۆردی بەڕێوەبردن و كادیر و میدیاكارانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان
ئەمڕۆ (25)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤییە، ئەو كەناڵەی بە بڕیارو سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (سەرۆك مەسعود بارزانی)دامەزرا، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەتان دەكەین و، هیوادارین بەردەوامبن لە ڕۆڵی گرنگ و كاریگەرتان و، وەك هەمیشە بڵندگۆی ڕاستەقینەی بەرجەستەكردنی ئامانجەكانی گەلەكەمان بن.
كەناڵی ئاسمانی كوردستان، دەستكەوتێكی دیكەی گەلەكەمان و پارتیمانە بۆ خزمەتكردنی بواری میدیا و خستنەڕووی خواستوویستی هاووڵاتیان و بەرجەستەكردنی ماف و ئامانجەكانی گەلەكەمان.
ئەو كەناڵە، وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانی توانیویەتی بە پێی سیستەمێكی رێكوپێك و سەردەمیانە پڕۆگرام و بەرنامەكانی دابڕێژێ و پەیڕەوی بنەما و ئیتیكە گونجاوەكانی ڕۆژنامەوانی بكات و خەمخۆرانە و دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە پەیامی ڕاستەقینەی میدیایی بگەیەنێ.
ڕۆڵ و كاریگەری میدیا زۆر گرنگ و هەستیارە بۆیە ئەركی كوردستان تیڤییە وەكو كەناڵی دایك ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و بایەخدارتر هەنگاوبنێ و پێشەنگانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و ڕووداوەكان بكات و بە شێوەیەكی پیشەوەرانە و بابەتیانە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەكەمان و كێشە ڕەواكەی بكات.
كوردستان تیڤی لە ماوەی كارو چالاكییەكانیدا هەمیشە بڵندگۆی ڕاستەقینەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بووە، خزمەتێكی زۆری كایە ڕۆشنبیری و ئەدەبی و هونەریی كردووە، بۆیە مایەی شانازی و دەستخۆشییە. ئەمڕۆش كە جێدەستی كەناڵی ئاسمانی كوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا دیارە و وەك كەناڵێكی پێشەنگ بەردەوام مسداقیەتی خۆی پاراستووە، بۆ هەوڵ و كۆششتی بەردەوام و نەسرەوتوویی ئێوەی دڵسۆز دەگەڕێتەوە.
لەو دەرفەتەدا دووبارە پشتیوانی خۆمان بۆ كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین هەمیشە لە پێشكەوتندابێت بۆ خزمەتی زیاتری كولتوور و فەرهەنگی ڕەسەن و هەمەرەنگی كوردستان.
یۆبیلی زیوین و 25ساڵەی تەمەنی كوردستان تڤی پیرۆزبێت و هەر لە پێشكەوتن و سەركەوتن دابن.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
17ی كانوونی دووەمی 2024
مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ كوردستان تیڤی: هیوادارین بەردەوامبن لە ڕۆڵی گرنگ و كاریگەرتان
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.