ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، بە توندی سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردوویی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر كرد و داواش دەكات پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكە بكات.
هەروەها فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ،داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكات، رۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەركۆنەكردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و، گرتنەبەری رێگەچارەی یاسایی و دیپلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەی "ئەم دوژمنكارییە".
هاوكات داواش دەكات رێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە مووشەك و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لەرێگەی دانانی سیستەمی دژە مووشەك.
هەروەها فراكسیۆنی پارتی داوا لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات هاوهەڵوێست بن لە سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە بەردەوامەنەی دەكرێنە سەر هەولێر و ئاسایش و سەروەری عێراق پێشێل دەكەن.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، بۆ هەموو لایەك روونبووەوە، ئامانجی هێرشەكانی ئێران، پێشێلكردنی سەروەری، تێكدانی ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستانە و، هەوڵدانە بۆ تۆقاندنی خەڵكەكەی.
فراكسیۆنەكە داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەكات هەڵوێستێكی جددییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر عێراق و ناوچەكە بە گشتی و بێ دەنگ نەمێنن.
فراكسیۆنی پارتی داوا دەكات پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی سەر هەولێر بكات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.