ئەو پلانەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگەی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە كاری لەسەر كرا، تەواو سەركەوتوو بوو، كە ژمارەیەك پرۆژەی ئاوەڕۆ بە گوژمەی زیاتر لە 15 ملیار دینار لە ساڵی 2023دا جێبەجێكران.
ئەمساڵ ڕیژەیەكی بەرزتر باران باری
ساڵی ڕابردوو لە هەولێر نزیكەی 74.3 ملیمەتر باران باری، ئەمساڵ ڕێژەكەی بۆ دوو هێندەش زیاتر و بۆ نزیكەی 201.9 ملیمەتر بەرزبووەتەوە تاوەکو ئێستا، لە زستانی ڕابردوودا بە چەند كاتژمێرێک باران بارین، مەترسیی لافاو دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ دوو ڕۆژ باران باری کە له سەنتەری شاری هەولێر زیاتر بوو لە 50 ملم، بەڵام بەهۆی جێبەجێكردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاوەوە هیچ جۆرە لافاوێك و كۆبوونەوەیەكی ئاو لە هەولێر ڕووینەدا و ئێستاش پلانەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوەڕۆی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتەوە تا ئاستێکی زۆرباش كاری لەسەر دەكرێت.
پاڵپشتییەكانی سەرۆكی حكوومەت كاریگەربوون
سەركەوتنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە شاری هەولێر، دوای ئەوە دێت مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاڵپشتییەكی خۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگەی هەولێر و فەرمانگەكانی حكوومەت دەربڕی و گوژمەی پێویستی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و خاوێنكردنەوەی كەند و ئاوەڕۆكان خەرج كرد و چەندین پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری جێبەجێكران، لەوانە:
1-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی دوو چاوە لە گەڕەکی ژیان نزیک یاریگای نیشتمان.
2-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شوێنی جیاجیا لە شارۆچکەی عەنکاوە.
3- دروستکردنی ئاوەرۆ لە کەرتی (128) لە شارۆچکەی عەنکاوە.
4-دروستکردنی ئاوەرۆی سندووقی لە لای ئەنجومەنی وەزیران تاکو شەقامی (60)م نزیک سایلۆ.
5-دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندووقی (٦ چاوە) و (٩ چاوە) لە نزیک گوندەکانی توڕەق و سویری.
6-تەواوکردن و دروستکردنی شەقامی (20) م لە گەڕەکی مام سنج لە قەزای خەبات، بڕگەی ئاوەڕۆ.
7-درێژکردنەوەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە کۆمەڵگای پیرزین لە گەڕەکی نەورۆز
8- دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی بلۆک، کۆنکریتی (1.5*1.5) م لە گەڕەکی بەحرکەی نوێ پشت مزگەوتی مەلا رەشید گەردی.
9-دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکریتی شیشدار لەنێوان ئاڵتون ستی و بنەسڵاوە.
10-چارەسەركردنی كێشەی لافاو لە دەوروبەری شەقامی 150مەتریی خێرا لە هەولێر، لەگەڵ دەیان پرۆژەی جۆراوجۆری تری ئاوەڕۆ و پرد و کونج و پۆند و دروستكردن و فراوانكردنی كەندەکان جێبەجێ كران.
ئەمساڵ ئامادەكاری تەواو كرا
وێڕای ئەو پرۆژانە، سەرجەم تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەپارێزی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕاسپێردران بۆ ئەوەی ئامادەكاری تەواو بكەن، پێشوەختە لەگەڵ پلانەكەدا ئامادەكاریی تەواویان كرد و چەندین هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکان لە هەولێر و دەوروبەری ئەنجامدران.
هاوكات سەرەرای ڕێرەوی کەندە سروشتییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی شار لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی ڕێرەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ خاوێنكرانەوە و ئێستاش چاودێری دەكرێن، خۆشبەختانە هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی زیادە لە شاری هەولێر سەركەوتوو بێت.
پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو لە هەولێر سەركەوتوو بوو
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.