Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 16:49

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 1/10، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارايى و ئابوورى و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەی فیدرال و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵ کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی زانیاریى پێویست و واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفی و نەوت و داهات و خەرجیيە نەوتی و نانەوتییەکان، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی فیدڕاڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و لابردنی ئەو کۆت و بەندانەی یاساکە، کە ڕێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت.

سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکات کە حکوومەتی فیدڕاڵ دەبێت بەرپرسیارييه‌تی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی ڕێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتيی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەناو هەمواری یاسای بودجەی گشتیى فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان بۆ لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕێگە و شەقام و شوێنە گشتییەکان کرا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

سەرەتا سەرۆک وەزیران وێڕای ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ڕێگه‌ و شەقام و شوێنە گشتیيەکان وەک موڵکی گشتی لە هەر زێدەڕۆییەک کە زیان بە بەرژەوەندیى گشتیى هاووڵاتیيان بگەیەنێت بەگوێرەی ئەو ڕێکار و میکانیزمانەی لەناو یاسای پاراستنی ڕێگه‌ گشتیيەکان هاتوون، لە هەمانکاتدا داواشی کرد لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ زێدەڕۆییەکان بکرێت. لەمڕووەوە ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد موڵکی گشتی و ڕێگه‌ و شەقامەکان لە هەر زێدەڕۆییەک بپارێزن کە دژ بە بەرژەوەندیى گشتیی هاووڵاتیيانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.