Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:06

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی ئیدانه‌ی توند بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به‌یاننامه‌یه‌كی ئیدانه‌ی توندی بڵاو كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌‌و سووکایەتییه‌ی بەرامبەر زانای ناوداری کورد مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس كراوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی زانایان هاتووه‌: پاش بڵاوبوونەوەی ئەو سووکایەتییانەی لەلایەن مەهدی سومەیدەعی موفتی عێراق بەرامبەر زانای ناوداری کورد و موفتی پێشووتری عیراق مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس- بیارە كراوه‌، ئێمه‌ له‌ یەکێتی زانایان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی و ئیدانەکردنی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:-

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(أَلَا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) سورە یونس: 62.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا راشکاوانە (مەهدی سومەیدەعی) هێڕش دەکاتە سەر یەکێ لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عیراق و جیهانی ئیسلامی مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس_ خوا دەرەجاتی عالی بکات- و سووکایەتی بە پێگە و پیشە و کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات.

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووکایەتییە دەکەین، کە نەک تەنها سووکایەتییە بە کەسایەتی پایەبڵندی مەرحوومی مامۆستای مودەریس، بەڵکو سووکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کورد و عیراق و ناوچەکەیە.

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس کەسایەتییەکی بلیمەت و ناوازە و هەڵکەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە و بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامە و پێشەوا و موجتەهید و هەڵکەوتووی نێو زانایانی عیراق بووە، هەر ئەمەش وای کردووە ببێتە موفتی عیراق و خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ هەتا هەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتوا و کۆششە زانستییەکانی ئەم کەڵە زانایە گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن. 

ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکوومەتی ناوەندی بکات و پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەکاربێنێت، کە هەموو زانایانی عیراق خوازیاری بوون، نەک ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سووکایەتی بەرامبەر فەخری عیراق و کوردستان شێخ عەبدولکەرمی بیارە بەکاربهێنێت.

بۆیە بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زوویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر و رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سووکایەتی بەرامبەر رەمز و سیمبولە ئایینییەکان بکات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.