Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:56

8 هەزار هەنگەوان بە 350 هەزار پوورە هەنگەوە هەنگوین بەرهەم دەهێنن

کوردستان TV
100%

هەنگەوانی لە چوارچێوەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بووژانەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و لە بەرهەمهێنانی هەنگوینیشدا هەزاران جووتیار خراونەتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنییەوە.
زیاتر لە هەشت هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ٥٥٠ تۆن بووە، لە دوای پشکنینە کیمیایی، فیزیایی و مایکڕۆلۆجییەکان لە تاقیگە پێشکەوتووەکانی وڵاتان، لە ئەنجامدا بە باشترین هەنگوینەکانی جیهان هەژمار کراوە، لەو چوارچێوەیەدا کار بۆ ئەوە کرا هەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە تاکوو ئێستا زیاتر لە دوو تۆن هەناردەی وڵاتی قەتەر کراوە، لە ماوەیەکی تردا هەناردەی وڵاتانی تریش دەکرێت.
ئەحمەد پشدەری، هەنگەوانێکە و لەبارەی ساغکردنەوەی هەنگوینەکەی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: لەوەتەی پرۆسەی هەناردەکردنی هەنگوین هەیە، خواست لەسەر هەنگوین زۆر بەرز بووەتەوە، ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە دەکەن بۆ داواکردنی هەنگوین، ئەوەش لە قازانجی هەموو هەنگەوانانە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی یەک کەس نییە.
کابینەی نۆیەم؛ بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی جووتیاران و دۆزینەوەی بازاڕ لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، تاکوو بتوانرێت جووتیاران بەردەوام بن لە کشتوکاڵکردن و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.
ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 8 هەزار هەنگەوان لە ئاکرێوە تاکوو سنووری هەولێر و شارباژێڕ و پێنجوێن و گەرمیان هەن، کۆی گشتی 350 هەزار پوورەهەنگیان هەیە، بە پێی ستانداردی جیهانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستمان بە زیاتر لە 2 هەزار تۆنە.
گوتیشی: پلانی ناردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، بەتایبەت کە هەنگوینی کوردستان کوالێتییەکی باشی هەیە و وڵاتان چاویان لەسەریەتی. بۆ ئەمەش هەنگوین یەکێکە لەو بەرهەمانەی دەست بە هەناردەکردنی کراوە. دوای ئەوەی چەندین کۆمپانیا لە ڕێگەی یاساوە داوایان پێشکەش کرد، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە دوای پشکنینی هەنگوینەکە، پرۆسەی ناردنی هەنگوین دەستی پێ کردووە.
ئەو هەنگوینەی هەناردە کراوە، هەنگوینی ناوچەکانی سەفین، ئاکرێ، پشدەر، بیتوێن، شارباژێڕ، کەلار و هەڵەبجەی تێدایە و جووتیارانی هەموو کوردستان بەشدارییان لە پرۆسەکە کردووە. جگە لەوەش هەنگوین بۆ ناوەوەی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابین دەکرێت.
هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بەردەوامە، تا ئێستا، هەنار، پەتاتە، هەنگوین، برنج، سماق، هێلکە، مریشک، تەحین، کونجی، زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە کراون. لە ماوەیەکی نزیکدا، سێو و ترێ هەناردە دەکرێن و کار بۆ هەناردەکردنی شیرەمەنییەکان دەکرێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.