Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:13

ئه‌مڕۆ وه‌زیرانی بازرگانی هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌ت ڕێككه‌وتن

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م لە بەغدا هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عێراق کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەسه‌ر ئاستی باڵا بە ئامادەبوونی وەزیرانی هەردوو وەزارەت ئەنجام دا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی کارکردنی نێوان هەردوولا و ئاسانکردنی ڕێکار و بەڕێکردنی مامەڵە هاوبەشەکان.

کۆبوونەوەکە به‌ به‌شداری کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ئەسیر داود وەزیری بازرگانی عێراق و به‌شێك له‌ به‌رپرسانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ کۆبوونەوەکەدا زۆرینەی گرفت و کێشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت باسیان لێوە کرا و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنیان خرانەڕوو چەند خاڵێکی گرینگیش بۆ چارەسەر بڕیاری لەسەر درا.

گرینگترین ئەو تەوەرانەی بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون:-

تەوەری بازرگانی/

بابەتی گەنم و شایستە داراییەکان و ڕێکخستنەوە و باشتر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە ئایندەدا.

بابەتی سەبەتەی خۆراکی و بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕی و ڕۆتینەی کە هەیە تا دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام لە پەیوەندی دەبن تا چارەسەری تەواوی کێشەکان دەکرێت.

تەوەری پیشەسازی/

بابەتی پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و بە بازاڕکردنی باسی لێوە کرا و بڕیارە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان لە هەرێمیش کە هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی دەکەن، سوودمەند بن لەو بڕە پارەی وەک بەخشیش لە چوارچێوەی پرۆژەی هاندانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەکرێت هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق.

تەوەری کۆمپانیاکان/

بابەتی کۆمپانیاکانی دەرمان کە تا ئێستاش لەلایەن حکوومەتی عێراق ڕێگەپێدانی پەڕاوی بەراییان بۆ نەدەکرا، چونکە بەپێی یاسای وەزارەتی تەندروستی تەنیا نووسینگە زانستییەکان مامەڵەی دەرمان دەکەن، لە ئەنجامی گفتوگۆ و لێکتێگەشتن و داواکاری وەزیری بازرگانی هەرێم لەم سەردانەدا توانرا بگەنە ئەو بڕیارە كه‌ لەمەودوا پەڕاوی تۆماری بەراییان لە بەغدا بۆ بکرێت، بەڵام تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەتوانن کار بکەن کە بەم تۆمارکردنە ئەتوانن سەکۆی ئەلیکترۆنی بەکار بهێنن و لە ڕێگەیەوە کۆمپانیاکانی دەرمان مامەڵەی دراوەکانیان بکەن.

هەروەها ڕێکاری ئیداری ڕۆتینی لەنێوان بەغدا و هەرێم بۆ مەبەستی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئاسانکاری بۆ کراوە و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان هاووڵاتی دەتوانێ لە ڕێگەی فۆڕمێکەوە مامەڵەکانی دەست پێ بکات.

هەروەها بابەتی ڕێکارەکانی تۆماری کۆمپانیا و سەرجەم ئەو هەنگاوانەی پێویستن بڕیاری لێوە درا کە هاوتا بێت واتە لە بەغدا و لە هەرێم هەمان شێواز تۆمارکردن پیادە بکرێت بۆ زیاتر کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.