Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:55

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی نه‌وت و كاره‌با ئه‌نجامدرا

کوردستان TV
100%

کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بە ئامادەبوونی پارێزگارانی هه‌ولێر و سلێمانی و نوێنەری پارێزگاری دهۆک و هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوو تەوەرەی سەرەکیی تایبەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەشکردنی رێژەی کارەبای پارێزگاکان کرا.

له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا میکانیزمی گونجاو بۆ خێرا دابەشکردنی ئەو نەوتەی بڕیارە لە عێراقەوە بێت پەیڕەو دەکرێت کە لەلایەن عێراقەوە زۆر دواخراوە و بڕەکەشی کەمە، لە کاتێکدا تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خێزان لە نەوتەکەی هەرێم سوودمەند بوونە و دەکاتە رێژەی زیاتر لە 85٪ خێزانەکانی هەرێم.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو رێکارەکانی بۆ هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی تەواو کردووە کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵەکانی بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان بە شێوەیەکی یەکسان، دوای گفتوگۆکردن بڕیاردرا تێست بۆ دابەشکردنی کارەبا بە شێوەیەکی یەکسان لەنێوان پارێزگاکان لە وەرزی بەهاری ساڵی داهاتوو بکرێت و کارەبای بەردەوامیش تەنیا بۆ نەخۆشخانە و فرۆکەخانە و پڕۆژەکانی ئاو و گرتووخانەکان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان بێت.

هاوکات پارێزگاکان سەرپشک کران بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی کارەبا دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر کارەبا و کارەبا بەردەوامەکان بکەن، ئەوانەی کارەبای بەردەوام نایانگرێتەوە، ماوەکانیشی کەم دەکرێتەوە.

سەبارەت بە سیستەمی پریپەیدیش کارەبایەکی باش بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە و بە یەکێک لە پرۆسە پێشکەوتووەکان دادەنرێت، بۆیە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.