Erbil 6°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 05:51

چاودێریی حكومەت لە بازاڕدا بەردەوامە؛ لە دە مانگدا 4 هەزار و 800 بەدواداچوون كراوە

کوردستان TV
100%


چاودێریكردن و بەدواداچوونی بازاڕ لە ڕێگەی لیژنەكانەوە بەردەوامە و هەموو جۆرە فرۆشگە و مۆڵێكی گرتووەتەوە. لەو بارەوەش بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاندووە: "لە دە مانگی پێشوودا، 70 سزای داخستن و 330 ملیۆن پێبژاردنی دارایی هەبووە."
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەكان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراكییەكان و كۆگاكان بەدواداچوونی بەردەوامی هەیە، خواردن و كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی هەڵگرتنی كاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بە پێی ڕێنماییەكان سزای لەسەرە."
كامیل، لەبارەی سزاكانەوە، گوتی :"لە دە مانگی ساڵی 2023، زیاتر لە 4 هەزار و 800 بەدواداچوون بۆ بازاڕەكان كراون، 2700 سەرپێچی، 70 داخستن، 330 ملیۆن دینار پێبژاردنی دارایی هەبووە، زیاتر لە 170 تۆن خۆراكی ماوەبەسەرچووش لەناوبراون."
لەبارەی لێپێچینەوە لەسەر نرخی كاڵا، ناوبراو گوتی: "سەیری مەنەفێستی نرخی بنەڕەتیی كاڵاكانی شوێنە بازرگانییەكە دەكەین و بەراوردی نرخی فرۆشتنەكەی دەكەین. گەر زۆر زیاد بوو خاوەنكار سزا دەدرێت. چونكە نرخ چوارچێوە و سنووری خۆی هەیە؛ ئابووریی بازاڕ واتا ئازادی لە دیاریكردنی نرخ، بەڵام بە واتای ئازادی نییە لە زۆر بەرزكردنەوەی نرخدا."
شێخ كامیل، لەبارەی هاوكاریی هاووڵاتییانەوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر گوتی: "هاووڵاتییان لەبارەی زۆریی نرخ و خراپیی كاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر هاوكارن لە ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە هیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیژنەكانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بكەنەوە."

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.