Erbil 29°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:48

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی داوایه‌ك ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووه‌ هاوسەنگیی كورد لەنێو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكان لەبەرچاو بگرێت.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند: لە نووسراوێكی فەرمیدا كە ڕۆژی 19ی 11ی 2023 ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقمان كرد و نووسراوەكەشمان بە شێوەی دەستی رادەستی جەنابیان كرد، ئاماژەمان بەوە كرد كە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 9ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبێت هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزە ئەمنییەكان لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پێك بێت و رەچاوی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی تێدا بكرێت، جگە لەوەی ئەم بابەتی هاوسەنگییە بەشێكیشە لەو كارنامەیەی كە لە كاتی پێكهێنانی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانیدا لە پەرلەمان دەنگی پێ دراوە.

ڕاشیگه‌یاند: لە نووسراوەكەماندا جەختمان لەوە كردەوە كە بنەمای عێراقی نوێ بریتییە لە هاوبەشیكردن و هاوسەنگی، بۆیە داوام لێیان كرد كە رەچاوی هاوسەنگیی پێكهاتەی كوردی لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بكرێت.

مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لە دروستبوونی عێراقی نوێوە لە 2003 تاوەكو ئەمڕۆ نەك رەچاوی هاوسەنگیی پێكهاتەی كورد لەنێو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان نەكراوە، بەڵكو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕێژەی كورد لەنێو هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بۆ كەمتر لە 3% دابەزیوە و لە ماوەكانی رابردوودا بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی بێبەشكردنی كورد لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق دراوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆیە پێویستە ئەم ناهاوسەنگییە راست بكرێتەوە و كوردیش وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكەی عێراق بەشدار بێت لە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی عێراق، بەپێچەوانەوە نەبوونی كورد لەنێو ئەو هێزانەدا پێچەوانەی دەستوور و بنەماكانی عێراقێكی فیدڕاڵە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.