Erbil 10°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 02:16

مێسی بەغدا سێ خەڵات لە ئەمریكا بەدەست دێنێت

کوردستان TV
100%

"مێسی بەغدا" نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری كورد، سێ خەڵاتی سەرەكیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا (Arpa International Film Festival) لە هۆلیوود لە ئەمریكا بەدەستهێنا.
"مێسی بەغدا" بووە براوەی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ و لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیدا كێبڕكێی لەگەڵ 11 فیلمی جیهانیدا دەكرد.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و چالاكییەكانی ئەمساڵی لە 29ـی تشرینی یەكەمی 2023 لە هۆلیوودی لۆس ئەنجلس دەستپێكرد و لە 17ـی تشرینی دووەم كۆتاییهات.
"مێسی بەغدا" نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، لە دوای بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا، خەڵاتێكی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Schlingel" لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا و لە 45مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەكات، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە دواخراوە.
"مێسی بەغدا" لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Schlingel" لە شاری كێمنێتس ئەڵمانیا بەشداربوو كە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەكو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەچوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەك باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەكەدا بەدەستهێنا.
 لە حوزەیرانی ئەمساڵ، "مێسی بەغدا" بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا كردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای كە بەربژێری سێ خەڵات بوو و لە هەمان مانگ لە 63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە لە چیك بەشداربوو.
هێندریك ڤێرتە لەرێگەی كۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەكشن لە بەلجیكا، محەممەد ئەكتاش لەرێگەی كۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. كۆمپانیای وایلد بۆنچ كە یەكێك لە بەهێزترین كۆمپانیاكانی بڵاوكردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەركی بڵاوكردنەوەی فیلمەكەی لە ئەستۆگرتووە.
 كورتەفیلمی "مێسی بەغدا" براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەك فیلمێكی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و كاری وێنەگرتنی لە هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە.
 

کولتوور و هونه‌ر سینه‌ما هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.