مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی داهات و پارەی مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "مانگانە داهاتی كۆتایی 170 ملیار دینارە و بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت خەرج دەكرێت."
مهولوود سابیر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی هەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تا بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەگوترێت 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكوو دەبێت داهاتی كۆتایی هەژمار بكەین، بزانین چەندە."
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان ڕوونیشیکردەوە: "داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەك نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشیینە و قەرزەكان بە داهات هەژمار كراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكوو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە."
مهولوود سابیر راشیگەیاند: "داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە 170 ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە.''وئاماژەی بەوەش کرد كە هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن، بۆ نموونە، لە هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ 25%ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تا بەكاری بهێنین، لە زۆرێک لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن."
بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان دەشڵێت: "وەك حكومەت بە شەفافی كار دەكەین و داتاكانیش هەمووی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەك نەقد بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجیی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە."
حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە 940 ملیار دینار هەیە بۆ مووچە، ئەوە جگە لە پێشینەی مانگانەی وەزارەتەكان و خەرجییەكانی حكومەت.
هاوکات بەهۆی کەمی سیولە و کاش لەبانکەکان، کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروست بووە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە، کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی 2023 ، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2022، بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژ بۆتەوە تا ئەو کاتەی داهاتی مانگەکانی7 و 8 و 9 بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 بەکارهێنراوە کەهەردوو مانگەکە 535 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە و بەداهاتی ناوخۆی3 مانگ پڕکراوەتەوە، ئەوە جگە لەخەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی 110 ملیار دینارە و خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە 110 ملیار دینارە کەهەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، ئەوە سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی کەبەردەوام گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە دروست کردووە و ناتوانرێت کورتهێانانی مووچە و خەرجییەکانی پێ پڕ بکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.