بە پێی ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی WAFA، لەسەدا 70ی قوربانیانی ڕۆژی ڕابردوو، منداڵان و ئافرهتان و بەساڵاچووان بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویشی کردەوە کە بە هۆی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمەوە، ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە گەیشتووەتە چوار هەزار و 700 کەس.
لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان و وشکانییەکان کە لە زۆربەی شوێنەکانی کەرتی غەززەدا بەردەوام بووە، بە هۆیەوە زیاتر لە 400 فەڵەستینی لە یەک ڕۆژدا کوژراون.
سەرچاوە تەندروستییەکان ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە، 44 هاووڵاتیی فەڵەستینی لە کەمپی پەنابەرانی خان یونس، 57 هاووڵاتی لە ڕەفەح، 168 کەس لە بەشی ناوەڕاستی شارەکە، 66 هاووڵاتی لە ناوەندی شاری غەززە و 44 هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری غەززە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بە هۆی هێرشەکانەوە لە شاری ڕەفەح نزیک سنووری میسر، 6 کەس کوژراون و 11کەسیش بریندار بوون.
ڕۆژی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوچەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا و نەخۆشخانەی قودس لە کەرتی غەززە'یان کردووەتە ئامانج.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.