کەمێک پێش ئێستا؛ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لەو شوێنانەی کە چەکدارانی پەکەکە لە چیای قەرەچووغ ڕادەستی سوپای عێراقیان کردبوو ڕووبەڕووی یەکتربوونەتەوە و قوربانی لە هەردوولا هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی 10ـی 2023 کارزان کاکل پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: دوای ئەوەی چەکدارانی پەکەکە چیای قەرەچووغیان جێهێشت و شوێنەکانیان ڕادەستی سوپای عێراق کرد، سوپای عێراق هەوڵی داوە داگیرکاری و سەرپێچی بۆسەر سنووری کورد ئەنجام بدات، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ڕێگری کراوە و داوای ئەو شوێنانەی کراوەتەوە، بەم هۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی داوە.
ڕاشیگەیاند: لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا ئامر فەوج و جێگری ئامر فەوج لە هێزی پێشمەرگە بریندارن. بەپێی زانیارییەکانیش لە سوپای عێراقیش کوژراو و بریندار هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێ ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان چەندە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێکی ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە دوای چۆڵکرنی چەکدارانی پەکەکە لە چیای قەرەچووغ لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.