Erbil 14°C ھەینی 01 تشرینی دووەم 23:40

وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤی لە کەلار دادەنرێت

کوردستان TV
100%


پرۆژەی وێستگه‌یەکی نوێی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت گرفتی بارقورسی و کێشەى دابەشکردنی کارەبا لەو ناوچەیە چارەسەر بکات.
مەحموود کەریم ئەمین، ئەندازیار و بەرپرسی جێبەجێکاری پرۆژەکە، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "بەهۆی فراوانبوونی شار و دروستكردنی زیاتر له‌ ٨ هەزار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە پرۆژەی نوێی وێستگەى کارەبا لە کەلار کردووە؛ بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە بکەوێتە کار و سوود بە دانیشتووانی ناوچەکە بگەیەنێت."
هەر لەمبارەیەوە، حازم کەریم حەمید، بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى گەرمیان، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی گوت: "پرۆژەى 132 کەی ڤیی دووەمی کەلار، 18 ملیار و 390 ملیۆن دینارى تێدەچێت. وێستگەکە تواناى گۆڕینی کارەباى 189 مێگاوات دەبێت و نزیکەی 50%ى کارەکانی تەواو بووە؛ ئەم پرۆژەیە بارقورسیی کارەبا لە ناوچەکەدا زۆر کەم دەکاتەوە."
بەڕێوەبەرى گشتیی کارەباى گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو: "لە 8 ى تشرینی یەکەمەوە، لە ئیدارەى گەرمیان، دەست بە ڕاکێشانی هێڵی کارەبا بۆ24 گوندی ناوچەکە بە گوژمەى 3 ملیار و 521 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەباى حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە."
هەرێمی کوردستان، لەڕووى فراوانبوونی دانیشتووان و شارسازییەوە، گەشەیەکی بەردەوامی هەیە، ئەمەش خواستی گشتی لەسەر وزەى کارەبا بەرز کردووەتەوە؛ بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پێداویستییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پرۆژەى نوێی کارەبا دادەمەزرێنێت و بەکاریان دەخات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.