Erbil 18°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:28

بەهای دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار؟

کوردستان TV
100%

سەرەڕای گرتنەبەری چەندین ڕێکار لەلایەن بانکی ناوەندی و حکوومەتی عێراقەوە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی جێگیر نییە و زیاتر لە هەفتەیەکە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرز بووەتەوە، شارەزایەکی بواری ئابووری لەمبارەیەوە دەڵێت، نرخی دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەڵام ئەستەمە پێشبینی بکرێت کە بەهای دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 10ـی 2023 ئەحمەد سەددام، پسپۆڕی بواری ئابووری سەبارەت بە نرخی دۆلار لە داهاتوودا ڕایگەیاند: بەدڵنیاییەوە سەختە بڵێین نرخی دۆلار دەگاتە 170، 180 و تەنانەت 200 هەزار دینار، بەڵام واقیع ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی دۆلار بە ئاراستەی بەرزبوونەوەیە و بە ئاراستەی دابەزین نییە.

ڕاشیگەیاند: هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یاسای پشتبەستن بە بازرگانی و بەتایبەت بازرگانی لەگەڵ ئێران کە هیچ ژمارەیەک بۆ نرخی ئاڵوگۆڕ دیاری نەکراوە، بەو پێیەی بە مەرجی دابینکردن و خواست بەڕێوە دەچێت. هەروەها دەڵێت: ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە کەوتوونەتە ژێر سزا، فشار دروست دەکات، بەمشێوەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕکردن.

ئەحمەد سەددام ڕوونی کردەوە کە ڕاگەیەنراوێک لە بڕیاردەرێکی باڵاوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی دراو هەبێت، وەک ئەوەی دوای ڕاگەیەنراوی باڵیۆزی ئەمریکادا ڕووی دا، لەشوێنی ئەوەی بڵێت "گەمارۆ" گوتی "سنووردارکردن"، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی سەرنجڕاکێشی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو تەنیا بەو وشەیە.

ئەو پسپۆرەی بواری ئابووری لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بەوە دا کە لەوانەیە سەردانێکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا و دەرکردنی هەواڵی ڕەشبینانە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بەرز بکاتەوە و لەوانەیە بەپێچەوانەوەش لەگەڵ هەواڵێکی گەشبینانە نرخی دۆلار بۆ 150، 155 و 160 هەزار دینار دابەزێت، بەڵام  ئەستەمە چاوەڕێی دابەزینی نرخی دۆلار بکرێت بۆ ئاستێکی نزیک لە نرخی فەرمی.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.