Erbil 23°C شەممە 28 ئەیلوول 06:24

کۆمپانیا نەوتییەکان: زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت 7 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

کوردستان TV
100%

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیانی بە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی 10ـی 2023  دوای 200 ڕۆژ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: : دوای 200 ڕۆژ لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، 7 ملیار دۆلار داهاتی هەناردەی نەوت لەدەست چووە.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕوونی دەکاتەوە کە  11ـی 10ـی 2023، 200ـەمین ڕۆژی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتە لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، داخرانی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بەگشتی زیانی 7 ملیار دۆلاری لە داهاتی هەناردەی نەوت بە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەش داوە کە "لەوانەیە عێراق لە 04ـی 10ـی 2023 ئەوکاتەی تورکیا بەنیازبوو بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکاتەوە، ڕۆژانە بە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار قازانجی بکردایە."

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان باسی لەوە کردووە لە ماوەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژانە 35 ملیۆن دۆلار، واتە تاوەکو ئێستا 7 ملیار دۆلار داهاتیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە داخستنی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا کاریگەریی لەسەر بژێوی ئەو هاووڵاتییانەی عێراق و کۆمەڵگە ناوخۆییانە هەبووە، کە زیاتر لە 15 ساڵە پشتیان بەستووە بە کاریگەری ئابووری وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەو کاتەوەی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا 04ـی 10ـەوە ڕایگەیاندبوو "بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا ئامادەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێگەی (MEES) حکوومەتی عێراق دەبێت ساڵانە زیاتر لە 35 ملیۆن نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا هەناردە بکات. ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەو بڕە هەناردە نەکات، 300 ملیۆن دۆلار وەک باجی گومرگ قەرزدار دەبێت. ئەم باجەش لە 04ـی 10ـی ئەمساڵەوە هەژمار دەکرێت."

لە ڕاگەیەنراوەکەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هاتووە "دەتوانرێت لەم زیانانە خۆتان بەدووربگرن و کاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان، مافە ئابوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی عێراق و خێزانەکانیان هەیە.

مایڵز کاگینز گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لەمبارەیەوە گوتی: ڕۆژانە زیانە داراییەکان زیاد دەبن، کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان داوای چارەسەرێکی خێرا دەکەن بۆ ئەو کێشانەی پەیوەستن بە گرێبەستەکانیانەوە و لێکتێگەیشتنێک هەبێت لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان لە داهاتوودا."

ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هەروەها ئامادەیی خۆیان لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەردەبڕن بۆ هاوکاریکردنیان لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بازرگانی کە مافەکانیان بەگوێرەی گرێبەستەکنیان بپارێزێت و پەرە بە کەشوهەوای وەبەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدات.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.