Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 18:16

بنار پیرداود: سروشتی كوردستان زیاتر لە تابلۆكانم دا رەنگی داوەتەوە

کوردستان TV
100%

 هونەرمەند "بنارپیرداود مەخمورری" دەرچووی بەشی شێوەكاری پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێرە،خاوەنی چەندین پیشانگای هاوبەش و تایبەتە،سروشتی كوردستان هەوێنی تابلۆكانییەتی ئەگەر تێڕامانێك لە تابلۆكانی بكەیت،هەست دەكەین رەنگی شین بەسەری دا زاڵە بۆ زیاتر ئاگادار بوون بە كارە هونەرییەكانی  بە چەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.  
*پێمان باشە كورتەیەك باس لە ژیانی هونەری خۆت بۆ خوێنەرانمان بكەیت
- من (بنار پیرداود مەخموری) ، لە خێزانێكی هونەری ژیاوم،هەر لە قۆناغەكانی خوێندن حەزوو ئارەزووم بۆ نیگاركردن هەبوو، لەوێ بەشداری چەندین چالاكییە هونەریم كرد بەشداری پیشانگای ساڵانەی قوتابخانەكەم دەكرد، دوایی چوومە دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بەشی شێوەكاری ئێستا مامۆستام لە پەروەردەی دەشتی هەولێر و بەردەوامم لەكاری هونەری.
* تابلۆكانت  زیاترسروشتین ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- لەوەتەی پەیمانگام تەواو كردووە نیگاری تابلۆی سروشتیم كردووە بەكاری سەرەكی خۆم.ڕاستییەكەی خۆشەویستیەكی زۆرم بۆ سرووشت و بەتایبەت سرووشتە جوانەكانی كوردستان زیاتر سەرنجیان ڕاكشاوم ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زیاتر ئەم سروشتە لە تابلۆكانم دا رەنگ بداتەوە.
*رەنگ فاكتەرێكی سەرەكی تابلۆیە زیاتر ئەو رەنگانە كامەن كە لە تابلۆكانت رەنگ دەدەنەوە؟
- من هەموو ڕەنگێك بەكار دێنم لە تابلۆكانم  و زۆر گرنگی بە ڕەنگی ئینتباعی دەدەم .لەهەمان كاتدا ڕەنگی شین زاڵە لەسەر تابلۆكانم ، ڕەنگی شین بۆ بینینی بینەر زۆر سەرنج ڕاكێشە و تابلۆش كە بەكاری دێنم جگە لە ئاسمان و ئاو زۆر زیاتر بەكار دێنم بۆ شوێنە سێبەرەكان.
* قوتابخانەكانی هونەری شێوەكاری زۆرن تۆ زیاتر خۆت لە كامە قوتانخانە دەبینیتەوە؟
- هەموو قوتابخانەكان بینەری خۆی هەیە و  جوانی خۆی هەیە من بەش بەحاڵی خۆم ئیش لەسەر قوتابخانەی ڕیالیزمی دەكەم و زیاتر هەست بە ئارامی دەكەم لەگەڵ تابلۆكانم. 
* لە كاتی كردنەوەی پیشانگا بینەر وەك پێویست نییە هۆكارەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- نەبوونی بینەر، ڕاستیەكەی بڵێین ،بەداخەوە هونەر زیاتر پەیوەست بووە بە هونەری گۆرانی گوتن.واتە هەموو هونەرەكانی تر پشت گوێ خراوە  تەنها گۆرانی گووتن نەبێت ،ئەویش ڕاگەیاندنەكان و  سپۆنسەرەكان وایان لێكردووە  هونەری شێوەكاری بینەری نەبێت .بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەندی شێوەكاریش نایێتە پێشانگاكان ئەگەر زۆر زۆر برادەرت نەبێت بەداخەوە.
* ئەو هونەرمەندانە كامەن كە كاریگەریان لەسەر بنار هەبووە؟
- من زۆر زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە دەكەم كە ئەو بەهرەی پێداوم.و سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم هاوكارم بوونەوو تابلۆكانی مامۆستای هونەرمەند "جەوهەر محەمەد" كاریگەریان لەسەر من هەبووە.
* ئەو گرفت و كێشانە چین كە روبەرووی بەرێزتان دەبنەوە لە كاتی نیگار كردن؟
- وەكو  گرفت  تووشی گرفتێكی لەو شێوەیە نەبوومەتەوە ، بەڵام  تەنها هەندێ جار كاتێك وێنەی سەر دیوار دەكێشم هەندێ جار  قوتابیان بێزارم دەكەم لەكاتی وێنەكێشان.ئەوەش هەموو كاتێك نا  زیاتر دەست خۆشییە لێم دەكرێ، بەڵام قوتابییەكان ئەوەندە لێم نزیك دەبنەوە  زۆر جار پەنجەیان لە ڕەنگەكە داوەو لە وێنەكەیان داوە.
* وەكو مامۆستایەكی پەروەردەی هونەر وانەی هونەر لە نێو قوتابخانەكان تاچەند گرنگی پێدراوە؟
- وانەی پەروەدەی هونەر لە قوتابخانەكان بە شێوەیەكی گشتی باشە، بەڵام هەندێ گرفتیش هەیە  .وەكو نەبوونی ژوورێكی تایبەت بەنیگاركردن(نیگارگا).و زۆر لە قوتابخانەكان مامۆستای وانەی هونەریان هەر نییە، ئەوانە بەڕاستی گرفتن چونكە قوتابخانەكان زۆربەی جار ناویان زیاتر بڵاو دەبێتەوە بەهۆی ئەنجامی باش لەكاتی پێشبڕكێكان لە بابەتی هونەرو وەرزشە.
*پڕۆژەی داهاتووت چییە؟
- من تا ئێستا بەشداری 25 پێشانگای هاوبەشم لەهەموو شارەكانی كوردستان كردووە و دوو پێشانگای تایبەتیم كردۆتەوە . كاری داهاتووم پێشانگای تایبەتی سێیەمە ،تابلۆكانیشم هەمووی ئامادەیە تەنها سپۆنسەرێك هەبێت من پێشانگاكە دەكەمەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شێوه‌کاری هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.