Erbil 8°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:36

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ: هاتنی به‌رهه‌می هاورده‌ له‌ بازگه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند كه‌ هاتنی به‌رهه‌می هاورده‌یان له‌ بازگه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، گله‌یشی له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق كرد كه‌ ئه‌وان پابه‌ندی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ نه‌بوونه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕایگه‌یاند: لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و ناوچەكانی دهۆک و ئاکرێ پێنجوین کە لە ئێستادا بەڕێژەیەکی زۆر بەرهەمیان پێگەیشتووە، بەتایبەت بەرهەمی تەماتە و پەتاتە و خەیار کە پێویستی بە بازاڕکردنە.

ڕاشیگه‌یاند: ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بەپێی (ڕۆژمێری کشتوکاڵی) پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران دەکەین و لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان باجمان لە سەر بەرهەمی هاوردە داناوە لەمەرزەکانەوە، بەتایبەتی بەرهەمەکانی تەماتە و خەیار و هاوردەی بەرهەمی پەتاتەمان قەدەغە کردووە و ڕێکەوتنمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە لە (15/8/2023) بۆ مەبەستی یەکخستنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی و پارێزگاری لە بەرهەمی جوتیاران لەنێوان هەردوولادا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بەڵام بەداخەوە پابەندبوون نابینین لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ، دوای ئەوەش کە ڕێکەوتووین لەسەر یەکخستنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی، بەڵام بەبێ ڕەچاوکردنی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی بەرهەمەکانیان کردۆتەوە.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ گوتیشی: بەپێی ڕێکەوتنەکەمان بێت دەبێت بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەت و بە لەبەرچاوگرتنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران، بڕیار لەسەر هاوردەکردنی هەر جۆرە بەرهەمێک بدرێت، لەبەر ئەوە لەپێناو ساخبوونەوەی بەرهەمی جوتیارانمان و ڕێگریکردن لەو زەرەر و زیانەی کە بەریان دەکەوێت لە هاوردنی بەرهەمی دەرەوە، بڕیارمان دا بە ڕێگەنەدان بە هاتنی بەرهەمی هاوردە بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە بازگەکانەوە بە مەبەستی پاراستنی مافی جوتیارانمان و بەرهەمی ناوخۆ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لە پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و لایەنه‌ پەیوەندیدارەکان، بۆ هەمان مەبەست نووسراومان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ چارەسەری خێرای ئەم کێشەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.