شاندێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق گەیشتنە كەركووك و هەوڵ دەدەن ڕاستیی ڕووداوەكان دەستنیشان بكەن و ئەوانەش دەستنیشان بكەن كە بەرپرسن لە شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی كەركووك .
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: كەمێك لەمەوبەر، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە شەهید و برینداركردنی گەنجانی كوردی كەركووك و بەكارهێنانی هێز بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی كورد و ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی كە لەم دواییانەدا لە شارەكە ڕوویان دا، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئەیلوولی 2023، وەك لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گەیشتینە كەركووك.
هەروەها گوتی: ئەم سەردانەی لێژنەكەمان دوای ئەوە دێت كە سەرەتای ئەم هەفتەیە، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا لێژنەیەك بۆ دەرخستنی راستییەكان لەبارەی ڕووداوەكانی كەركووك لە لایەن لێژنەی ئاسایش و بەرگری پێك بهێندرێت و سەردانی شارەكە بكات.
گوتیشی: هەوڵ دەدەین لە سەردانی ئەمڕۆماندا ڕاستیی ڕووداوەكان دەستنیشان بكەین و ئەوانەش دەستنیشان بكەین كە بەرپرسن لە شەهیدكردنی ڕۆڵەكانی كەركووك و هەوڵی نانەوەی ئاژاوەیان داوە و لەسەر بنەمای تائیفی و بە كۆنەقین، ڕێگەیان نەداوە حزبە كوردستانییەكان بە ئازادانە لە كەركووك كاری خۆیان بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.