Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 11:36

قۆناغێکی گرنگی پرۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر تەواو دەکرێت

کوردستان TV
100%

ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابووری  بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان راگەیەنرا و لە قۆناغی داهاتوو دەست بە دیزاینکردنی دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 09ـی 2023 لە ڕێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان و باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابووری (feasibility study) بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان راگەیەنرا.

لە ڕێوڕەسمەكەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەکەی بە ستراتیژی و گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە ناوبرد و ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە ھیوادارین لەنزیکترین دەرفەتدا دەست بکەین بە قۆناغی دیزاینی پرۆژەکە، بەپێی ئەو بەرنامەیەش کە دامانناوە لەگەڵ ھەر قۆناخێکی دیزایندا، جێبەجێکردنی ئەو قۆناخەش دەستپێدەکەین و چاوەڕێ ناکەین تاوەکو ھەموو دیزاینەکە تەواو دەبێت.

لەبارەی گرنگی پڕۆژەکە بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچەکە، دانا عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پرۆژەیە کاریگەری بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەبێت و ھەردوو خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل و پەروێزخان پێکەوە دەبەستێتەوە، ھەروەھا لە ڕێی کەرکووک مووسڵیشەوە بە ناوچەکانی تری عێراقەوە دەبەسترێتەوە و ھیوادارین ببێتە ڕێگەیەکی بازرگانی و سوود بە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بگەیەنێت.

ھەر لە ڕێوڕەسمەکەدا باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، گوتارێکی پێشکەش کرد و پڕۆژەکەی بە گرنگ و پڕ بایەخ ناوبرد، كۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ـی ئیسپانیش، کە جێبەجێکاری قۆناغی کەڵکی ئابووری (feasibility study) پڕۆژەی دامەزراندنی تۆڕی شەمەندەفەرە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کارەکانیان و ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.