Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 02:20

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەداتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی داتایەک لەسەر ڕێژەی نەخوێندەواری ڕایگەیاند، ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە لەناو هەرێمی کوردستان، دهۆک دووەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە.

ئەمشەو شەممە 09ـی 09ـی 2023 سامان سیوەیلی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە کە پارێزگای دهۆک، دووەمین پارێزگایە لە ڕێژەی نەخوێندەواری،  پێویست بوو ناوبراو شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە، بۆ بەرچاوڕوونی ئەم ڕوونکردنەوە گرنگە ڕادەگەیەنین پاڵپشت بە ئاماری فەرمی:-

سامان سیوەیلی ڕوونی کردۆتەوە کە "ئەو داتایەی کە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەکات، شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردووە کە بزانێت چ پێشکەوتنێک لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری  بەتایبەت لە چوار ساڵی ڕابردوو ڕووی داوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک، کە هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی ( دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان  و دەستەی ئاماری عێراق لەژێر سەرپەرشتی ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان) ئەنجام دراون، ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بە ڕێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە بەتایبەتریش پارێزگای دهۆک بەراورد بە ساڵی (2012 و 2018) کە ڕووپێوی کراوە ڕێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری ڕێژەیەکی بەرچاوە کە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێکی تۆکمەیە."

هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2012 بریتی بووە لە ( 27.7%) لە ساڵی 2018 بریتی بووە لە ( 23.2%)  لە ساڵی 2021 بریتی بووە لە (18.7)  ئەو داتایانە، داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، کە لە ساڵانی 2012 و 2018 و  2021 بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە  بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو (10) ساڵە تاوەکو دەگات بەوەی لە ژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕووپێوی."

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر چەندین ئاماری دیکەی خستووەتەڕوو:-

- ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە لەناو هەرێمی کوردستان، دهۆک دووەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە خوێندنەوە کە بریتیە لە (34 هەزار و 122)  قوتابی تاوەکو سێ ڕۆژ پێش ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، کە هەمووان دەزانین دهۆک سێیەم پارێزگایە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانە، بەڵام دووەم بەرزترین ڕێژەی قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار کردووە.

- ڕێژەی گشتیی قوتابییانی هەرێمی کوردستان، دهۆک وێڕای ئەوەی سێیەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، بەڵام لە پلەبەندی دووەمدایە لەڕووی ژمارەی قوتابییان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیکردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە کە ژمارەی قوتابییان لە پارێزگای دهۆک (جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ) وەک لە خشتەکەی لە خوارەوە هاتووە بریتییە لە (430 هەزار و 698) قوتابی، کە ئەمە دووەم گەورەترین ژمارەی قوتابییانە لەسەر ئاستی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.