حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە داتا وەڵامی حکوومەتی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە پابەندی و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی 08ـی 09ـی 2023 پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی گوتەکانی باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی (16) ترلیۆن و (498) ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە (1) ترلیۆن و (375) ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە 01ـی 01ـی 2023 تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی (2) ترلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە (400 ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی 2022، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تاوەکو مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی (11) ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.
ڕاشیگەیاند: لە 01ـی 01ـی 2023ـەوە مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەپێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنیا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.
هەروەها ڕوونی کردۆتەوە کە "دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (500) ملیار دینارە بە شێوازی قەرز، ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە (320) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە (1) ترلیۆن و (375) ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە."
گوتەبێژی حکوومەت هەروەها لەبارەی داهاتی نەوت دەڵێت: لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە 25ـی 06ـی 2023 تاوەکو ئێستا ڕۆژانە تێکڕا بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکوومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لەبەرامبەردا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە.
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستانیش پێشەوا هەورامانی گوتوویەتی: هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتەبەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێم هەیەتی لەناو شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.
پێشەوا هەورامانی لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە."
گوتەبێژی حکوومەت جەختی کردۆتەوە کە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە بە بیانوویەک مافی هەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت" وەڵامی قسەکانی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقیش دەداتەوە کە لەکۆتایی قسەکانی دەڵێت "باشترین ڕێگەچارە بۆ چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورو ڕێککەوتنەکانە"، پێشەوا هەورامانی لە وەڵامدا دەڵێت "ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەڵتان، بەڵام دەشپرسین،کێ دەستوور و یاساکانی پێشێلکردووە؟ کێ ڕێککەوتنەکان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟"
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.