ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆكی پارتی ئایندەی دەستووری عێراقی بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: شایستەكانی ھەرێمی كوردستان نەك فەزڵ و خێرە لای عێراق ،بەڵكوو ماف و شایستەی كوردستانن و دەبێت حكوومەتی عێراقی ھەموو مافەكانیان بدات، ئەو مافانە ھەموو بەپێی رێككەوتن و مافە دەستوورییەكانن، چونكە دەبێت ئەو ھێزانە بزانن ھیچ حكوومەتێك بە كابینەی سوودانیشەوە بەبێ ڕەزامەندی و بەشداری سەرۆك مەسعود بارزانی ناتوانن حكوومەت پێكبێنن.
هەروەها گوتیشی: دەبێت حكوومەتی عێراق بەئەركی خۆی ھەڵسێت و مافەكانی ھەرێم جێبەجێ بكات، دەبێت ھەمووانیش ئەوە بزانن ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكوومەتی عێراقی بكشێتەوە ئەوە كۆتایی بە كابینەكە دێت و ھیچ مانایەكی نامێنێت.
سەرۆكی پارتی ئایندەی دەستووری عێراقی ئاماژەی بەوەشدا: ئەو پشكەی بۆ ھەرێم دیاریكراوە كەمترین پشكە، بەڵام حكوومەتی كوردستان دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێت و بەو پشكەش ڕازیبووە، نەك لە بەر ترس ،بەڵكو لەبەر ئاشتی و دەیەوێت بەڕێگای ئاشتی چارەسەر بكرێن، چونكە ئەگەر بەڕێژە بێت ژمارەی دانیشووان زیاتر لە 5 ملیۆن كەسە ،بەڵام جێگای داخە كە هەندێك لایەن دەیانەوێت لەم حكوومەتەدا ئەم مافانە بە كورد نەدرێت.
ھەروەھا دەشڵێت: ھەر لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، دژایەتی گەلی كوردستان كراوە و لەم حكوومەتانەش دا بەردەوامبووە، بۆیە بڕواناكەم وا بچێتە سەر.
هاوكات ئینتیفاز قەنبەر، سەرۆكی پارتی ئایندەی دەستووری عێراقی، لە بارەی دۆخی كەركووك، گوتی: لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە دۆخی كەركووك تێكچووە و غەدر لە كورد دەكرێت و خەڵكی كورد ئەشكەنجە دەدرێت، ئەو لایەنانەش نایانەوێت پارتی بگەڕێتەوە ،چونكە دەزانن پارتی دەماری كەركووكە و ئەمەش رێككەوتنە و دەبێت پارتی بگەڕێتەوە ،چونكە ئەمە مافی پارتییە و دەبێت ھەبێت، بەڵام بەداخەوە پشێویان نایەوە و گەنجی كوردیان بە كوشتدا و ھیچ گەنجێكی دیكەی نەتەوەی تر نە كوژرا، ئەوەش تاوانێكی دژی مرۆیی بوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێھێزبوونی حكوومەتی عێراقی و كاری نادروستی دادگایی فیدڕاڵ و ھەموویان دەزانن ئەم دادگایە لە ژێر دەستی دەرەكی دایە.
سەرۆكی پارتی ئایندەی دەستووری عێراق: ئەگەر پارتی لە حكوومەت بكشێتەوە كۆتایی بە كابینەكە دێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.