Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:53

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان: چوار شه‌هیده‌كه‌ی كه‌ركووك به‌ شه‌هیدی كوردستان تۆمار ده‌كرێن

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رچوار شه‌هیده‌كه‌ی ڕووداوه‌كانی رۆژی شه‌ممه‌ی كه‌ركووك، به‌ شه‌هیدی كوردستان تۆمار ده‌كرێن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ دوای‌ تۆماركردنی ناوه‌كان، كه‌سوكاره‌كه‌ی سوودمەند دەبن لە سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازاته‌كانی شەھیدان وه‌ك پێدانی مووچەی مانگانە و پێدانی زەوی یان یەکەی نیشتەجێبوون.

عادل حەمە ساڵح گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان راگەیاند: ھەر چوار شەھیدەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی کەرکووک بە شەھیدی کوردستان تۆمار دەکرێن،‌ لەگەڵ گەیشتنی فەرمانی سەرۆکی حکوومەت دەست بە ڕێکارەکانی تۆمارکردنیان دەکرێت وەک شەھیدی کوردستان.

ڕاشیگه‌یاند: بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2007 ھەر چوار شەھیدەکەی کەرکووک سوودمەند دەبن لە سه‌رجه‌م ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان، لەوانەش پێدانی مووچەی مانگانەی شەھیدانە و پێدانی پارچەیەک زەوی یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەگەڵ خزمەتگوزاری خوێندن و چارەسەری تەندروستی بۆ خانەوادەکانیان.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌م پێشه‌وا هه‌ورامانی گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاندبوو: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، لەلایەن مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە فەرمان کرا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی کەرکووک بکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ هه‌روه‌ها فه‌رمان كرا هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەری بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت.

رۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نج و لاو و هاووڵاتییانی كوردی شاری كه‌ركووك خۆپیشاندانیان دژی گرتنی ڕێگی سه‌ره‌كی كه‌ركووك – هه‌ولێر‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی‌ و عه‌ره‌بی هاورده ئه‌نجام دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا سوپای عێراق و لایه‌نگرانی حه‌شد‌ به‌ توندترین شێوه‌ ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌ و ته‌قه‌یان لێ كردن.

له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌كانیش چوار گه‌نج و هاووڵاتی ئه‌و شاره‌ به‌ناوه‌كانی (هاوکار عەبدوڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەمەد و حوسێن سابیر) شه‌هید بوون و هه‌روه‌ها 15ی تریش بریندار بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.