Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 14:36

سەرۆکی حکوومەت: خەڵکی کوردستان ملکەچی هەڕەشەی ئەو لایەنانە نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبر و زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 04ـی 09ـی 2023 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.

سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە.

شاندەکە هەروەها ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کەنەدای کرد بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و لەمبارەیەوە ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت و ئەجێندای حکوومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.