Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 04:31

گه‌شتیارێكی تریش به‌سته‌ڵه‌كی به‌فری پڕژه‌ی به‌سه‌ردا داڕما

کوردستان TV
100%

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە هاوینەهەواری پڕژە له‌ سنووری شارۆچكه‌ی چۆمان، گەشتیارێک کەوتە نێو تونێلێکی بەفر و به‌سته‌ڵه‌كی به‌فره‌كه‌ی به‌سه‌ردا داڕما و به‌هۆیه‌وه‌ بە سەختی بریندار بوو.

محەمەد جەبار بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان بە (کوردستان تیڤی) راگەیاند: کاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بریندارێک گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی نه‌خۆشخانه‌ی چۆمان کە له‌ هەردوو قاچی و سەری بە سەختی برینداری هه‌بوو.

ڕاشیگه‌یاند: بریندارەکە گەشتیارێکی عەرەب بوو بە ناوی (فەواز ناتق فەوزی) تەمەن 31 ساڵ، بە مەبەستی گەشتیاری لە شاری مووسڵەوە ڕووی لە هاوینەهەواری پڕژەی شارۆچكه‌ی چۆمان کردبوو.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: لە کاتی وێنەگرتندا گه‌شتیاره‌كه‌ کەوتبووە ناو تونێلی بەفری پڕژه‌ و به‌سته‌ڵه‌ك به‌سه‌ریدا داڕمابوو و بە سەختی بریندار ببوو.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چۆمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ دوای گرتنەبەری فریاگوزاری سەرەتایی، گه‌شتیاره‌كه‌ بەهۆی سەختی برینەکانییه‌وه‌ ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا لە شاری هەولێر کرا.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوو مانگ به‌ر له‌ ئێستاش گه‌شتیارێكی تر كه‌وتبووه‌ نێو تۆنێلی پڕژه‌ و به‌سته‌ڵه‌كی به‌فر به‌سه‌ریدا داڕمابوو، گه‌شتیاره‌كه‌ ناوی هوشیار عه‌بدولكه‌ریم ته‌مه‌ن 34 ساڵ خه‌ڵكی شاره‌دێی رۆڤیا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك بوو، گه‌شتیاره‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو.

چۆمان / کەریم سمکۆ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.