وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕەتی دەکاتەوە کە بەغدا پێشنیاری ناردنی بڕەپارەیەکی وەک قەرز بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردبێت و ڕەتیان کردبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی 08ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە لەچەند کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق پێشنیاری ناردنی 598 ملیار دیناری وەک قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتی کردۆتەوە ئەو بڕەپارەیە وەربگرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، بۆ ڕای گشتی و سەرجەم میدیاکانی ڕوون دەکەینەوە:
- ئێمە لە وەزارەتی دارایی بەرپرس نین لە هیچ زانیاری و لێدوانێک بەناوی سەرچاوەی نادیار بڵاو بکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیارییەک لە پەیجی فەرمی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە جێی متمانەو باوەڕ نییە.
- بە هیچ جۆرێک لەلایەن تیمی تەکنیکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار نەکراوینەوە لە بوونی پێشنیارێکی لەو جۆرە تاوەکو ڕەت کرابێتەوە.
- وەک وەزارەتی دارایی پابەندی خۆمان بە جێبەجێکردنی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی یاسای گشتیی بودجەی عێراق دووپات دەکەینەوە و هیوادارین حکوومەتی عێراقیش یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکات.
- هەرکات بڕیاری ناردنی هەر بڕەپارەیەک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان درا و خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، بەشێوەیەکی فەرمی ڕایدەگەیەنین وەک چۆن پێشتر ڕامانگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.