Erbil 20°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 18:08

مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ چوار هونەرمەندی پێشەنگی بواری میوزیک به‌رێوه‌ چوو

کوردستان TV
100%


حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە چوار هونەرمەندی پێشەنگی بواری میوزیک، ڕایگەیاند، هەمیشە لاوک، حەیران، هۆرە، ئاڵاوەیسی، سیاچەمانە و ئای ئای بەرەنگاری هێرشی هەمەلایەنەی موزیکی بێگانە بوونەتەوە و سەدان شاکاری هونەرییان بەرهەم هێناوە، کە هەتا هەتایە لە ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێننەوە.

لە هۆڵی بۆنەکانی هۆتێل شیراتۆن، لە هەولێر مه‌رسیمێك بەڕێوەچوو کە تیایدا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی وه‌زاره‌ت بەخشرایە هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندانی پێشه‌نگی بواری میوزیك "سه‌لاح ڕه‌ئوف، فرانسیس داوود، سه‌باح زاخۆیی و چه‌تۆ نه‌ورۆز".

لە وتاری دەستپێکی مەراسیمەکەدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان رایگەیاند: ''کورد و میوزیک پەیوەندییەکی ڕیشەیی ڕووحی و ویژدانی لە نێوانیاندا هەیە تا ڕادەی ئاوێتەبوونی سرووتییانە. ئەم پەیوەندییە قووڵەیە، کە ڕۆچووەتە هەموو جەستە و رووحی ئەم نەتەوەیە.''

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە بایەخی ڕۆڵی هونەر لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کرد و رایگەیاند: ''ئێمەی کورد شۆڕشمان کردووە، قوربانی زۆرمان داوە، بەڵام هەمیشە لەبەردەم هێرشی دوژمنانماندا کلتوورەکەمان دوا سەنگەر بووە، کە هەرگیز دوژمن نەیتوانیوە زەفەری پێ ببات. بە کلتووری جیاجیان، بە زمان و هونەری فرە ڕەنگیان، تەنانەت بە شێواندن و دزینی بەرهەمی ڕەسەنی ئێمە، هەر نەیانتوانیوە کلتووری ئەم نەتەوەیە بسڕنەوە.''

حەمەی حەمەسەعید راشیگەیاند: ''هەمیشە لاوک و حەیران، هۆرە، ئەڵڵاوەیسی، سیاچەمانە و ئای ئای بەرەنگاری هێرشی هەمەلایەنەی میوزیکی بێگانە بوونەتەوە و سەدان شاکاری هونەرییان بەرهەمهێناوە، کە هەتا هەتایە لە ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێننەوە.''

سەبارەت بە ڕێزلێنان و خەڵاتکردنی هونەرمەندە پێشەنگەکان، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: ''پێمان وایە ئەمە کەمترین وەفای ئێمەیە بۆ ئەم هونەرمەندە شکۆدارانە و هیوادارین بەم کارەمان بەشێک لە ئەرکی خۆمان بەرامبەر ئێوە و هەموو هونەرمەندان جێبەجێ کردبێت.''

لە مەراسیمەکەدا، وێڕای پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیکێک لە لایەن گرووپی چەمبەر میوزیکی هەولێر، چوار بەڵگەفیلم لە بارەی ژیان و بەرهەم و خزمەتی هونەرمەندانی پێشەنگ نماییشکران.

دواتر، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتی ڕێزلێنانی وەزارەتی پێشکەش بە هەر چوار هونەرمەندی پێشەنگ کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و د. جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە هونەرمەندان کرد.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.