ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد و لەلایەن هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگە و ستافی فەرمانگەوە پێشوازی لێ کرا.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی ستایشی کارەکانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد و ڕایگەیاند لەم کابینەیەدا هەنگاوی گرنگ بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی دامودەزگاکانی حکومەت نراوە و ئەوەش بناغەیەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و زیادبونی شەفافیەت و بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
لای خۆیەوە هیوا ئەفەندی، سوپاسی وەزیری دارایی و ستافی وەزارەتی کرد کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هاوکاری و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەردولادا هەبووە و توانراوە چەندین دامەزراوە و خزمەتگوزاری گرنگ لە وەزارەتی دارایی بەئەلکترۆنی بکرێن.
لەمیانی پرێزنتەیشنێکدا سیستەمی بەدیجیتاڵکردنی فۆڕمی خەمڵاندنی گشتی باجی زەوی و خانوبەرە ڕاگەیەنرا، کە لەلایەن ستافی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمەوە دروست کراوە و بەم نزیکانە دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت.
د.کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری ڕایگەیاند:'' سەدان هەزار خاوەن موڵک و کرێچی لەسیستەمەکەدا سودمەند دەبن و داتای دروست بەردەست دەخات و چەندین کێشە لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچی ناهێڵێت و کارئاسانی تەواو بۆ ڕایکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانی باج و خانوبەرە دەکات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.''
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.