Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:21

پارێزگارى هەولێر: خەمڵاندنی نرخی زەوی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن

کوردستان TV
100%


ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، ئاشكرای دەكات، بۆ زەویی سندووقی و خانووكردن لە حەرەمی گوندەكان و رێگەپێدان بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو لە كۆمەڵگاكان، سەرۆكی حكومەت رەزامەندی لەسەر چەند بڕیارێك دەربڕیوە، دەشڵێت: "خەمڵاندنی نرخی زەویی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت."
پارێزگاری هه‌ولێر راگه‌یاند: "پێشتر ئەو رێنوێنییانەی كە بۆ زەویی سندووقی دەركرابوون تێبینییان لەسەر هەبوو، بەهۆی ئەوەی داواكارییەكی زۆری خەڵك هەبوو بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە رسووماتدا بكرێت، چونكە ئەوكات خەمڵاندنی تاپۆكردنیان بە 30%ی نرخی رۆژ بوو، لەو شوێنانەی كە زەوییەكانیان لێییە."
زیاتر گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا، ئێمە چەند كۆبوونەوەیەكمان كرد و داواكارییەكانی هاووڵاتییان كۆ كرانەوە و تاوتوێ كران و كرانە كۆنووسێك و كۆنووسەكە پەسند كرا."
زەویی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوان بکرێنە خانوو.
پارێزگاری هەولێر ئاشكراشی كرد، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپێناو خەڵكی كەمدرامەتدا رەزامەندیی دەربڕیوە، گوتیشی: "كۆنووسەكەمان بۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نارد، ئەویش لەپێناو كارئاسانی و هاوكاریی خەڵكی هەژار و كەمدرامەت، لە زەویی سندووقی و فراوانكردنی حەرەمی گوند، بەپێی پێویست و نۆژەنكرنەوەی ئەو خانووانەی كە لە شوێنەكانی دیكە كراون، جەنابی سەرۆكی حكوومەت رەزامەندیی لەسەر كۆنووسەكە داوە."
ئومێد خۆشناو روونیشی كردەوە: "كۆنووسەكە لەم چەند رۆژە رەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی بۆ وەرگیراوە و لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان دەكرێت و رێنوێنیی تازە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان دەردەكرێت."
پارێزگاری هەولێر بڕیارێكی دڵخۆشكەری ئاشكرا كرد و گوتی: "بڕیاری زۆر باش دراون، خەمڵاندنی نرخی زەوەیی سندووقی لە 30% كراوەتە 10% و تاپۆ دەكرێن و رێگەپێدانی خانووكردنیان پێ دەدرێت، هەروەها هەر شوێنێك پێویست بكات بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوند، لێژنەكانی شارەوانی ئامادەكاریی بۆ دەكەن و راسپاردەی یەكە ئیدارییەكان دەدرێتە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بۆ فراوانكردنی حەرەمی گوندەكان رەزامەندیی لەسەر دەدرێت."
ئومێد خۆشناو ئاشكراشی كرد، بەپێی بڕیارەكان، دەست دەكرێت بە رێگەپێدانی نۆژەنكردنەوەی خانووەكان لە كۆمەڵگاكان و شوێنەكانی دیكە، گوتیشی: "ئەو خانووانە پێشتر لەو شوێنانە دروست كراون و رێگەیان پێ نەدەدراوە نۆژەن بكرێنەوە، ئێستا هەواڵی خۆش بۆ ئەوان ئەوەیە، بڕیاری رێگەپێدانی نۆژەنككرنەوە دەدرێت و نۆژەنكردنەوەكانیش دەست پێ دەكەنەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.