Erbil 11°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 09:00

پارێزگاری هەولێر: هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەى بە باشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت

کوردستان TV
100%


شەوى ڕابردوو 2023.8.26، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەسروڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق، تیشکیان خستە سەر ئامادەکارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران، کە ئەم ساڵ، ساڵی دووەمە زیاراتکارانى ئێران، لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانى عێراق دەکەن و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران و تاوکو ئێستاش ئامادەکاریەکان زۆر بەباشى و بەبێ کەم و کوڕى لەڕێگەى کۆمەڵێک لیژنە بەڕێوەدەچێت و بەراودرد بەساڵى ڕابردووش رێژەی سەردانی زیارەتکاران زۆر زیادیکردووە.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکات و پێشبینیش دەکرێت (500 هەزار) زیارەتکار لەوماوەیەدا لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران و لەڕێگەى هەرێمى کوردستانەوە سەردانى شوێنە پیرۆزەکانى عێراق بکەن، لە ئێستاشدا رۆژانە (2 بۆ 3 هەزار) زیارەتکار لەو دەروازەیەوە دێنە ناوخاکى هەرێمى کوردستان.
پارێزگارى هەولێر راشیگەیاند: " وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تاکو بازگەی شێراوە هەرچی خزمەتگوازری هەیە پێشکەش بە زیارەتکاران دەکرێت و لە رۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتر لە زیارەتکاران لەو رێگەیەوە سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان دەکەن".
گوتیشى: "پارساڵ ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئێمە و یەکەمینجار بوو لەو رێگەیەوە پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت، ئەم ئەزموونەوەش زۆر بە سەرکەوتوانە کۆتایی هات بووە مایەی ڕەزامەندی زیارەتکاران و حکومەتی ئێران، ، مانگی ڕابردووش لە دواین سەردانمان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران و کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئێران و پارێزگاری ورمێ، ئەوان زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاى هەولێریان کرد، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی پار لە خاڵى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران و هەولێرى پایتەخت تاکو دواخاڵى سنوورى پارێزگاکەمان کە بازگەى شێراوەیە، توانراوە بە شێوەیەکی زۆر باش و رێک و پێک پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت و بەڕێبکرێن بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق".
لەلایەن خۆیەوە نەسروڵا رەشنودی، سەر کونسوڵی گشتی کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد بۆ پێشکەشکردنی ئەو هەموو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەشی زیارەتکارانیان کردووە و رایگەیاند: "هیوادارن خەڵکی ئەوان کە بۆ زیارەتکردن دەچنە ناوچە پیرۆزییەکان دوعای خێر بۆ خەڵک و حکومەتی کوردستان بکەن بۆ ئەو هەموو خزمەتگوازارییەی کە پێشکەشیان کردوون". ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە هاوکاری زیارەتکارانی کردووە.
جێگەى باسە، دوا بە دواى لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنامەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ)، کە پیشکەوتن و بەرەپێشچوونێکى بەرچاووى لە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەخۆیەوە بینیوە لە زیادکردنى جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و ئاسانکارى بۆ هاتووچۆى هاوڵاتیان و گەشتیارانى هەردوولا لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و زۆربەى خاڵەکانى هەردوو ڕێککەوتنامە جێبەجێکراوە کە یەکێک لە خاڵەکانى هاتنى زیارەتکارانى ئێران بوو بۆ شوێنە پیرۆزەکانى عێراق لە ڕێگەى دەروازەى سنوورى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران، لەساڵى پارەوە ئەم خاڵە چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەم ساڵیش کە ساڵی دووەمە زیاراتکارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانیان لە خوارووی عێراق دەکەن، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکاران و تاوکو ئێستاش ئامادەکاریەکان زۆر بەباشى و بەبێ کەم و کوڕى بەڕێوەدەچێت، بەراودرد بەساڵى ڕابردووش رێژەی سەردانی زیارەتکاران زۆر زیادیکردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.